سەردێر

ئەوانەی بانگەشە بۆ بایكۆتكردنی ڤاكسینەكان دەكەن سزادەدرێن

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عیراق تەئكید لەسەر كاریگەریی و سەلامەتی و سەرچاوەی جیهانی ڕەسەنی هەموو ڤاكسینەكانی دژی كۆرۆنا دەكاتەوە، هەڕەشەی لێپێچینەوەی یاساییش لەدژی ئەوانە دەكات كە بانگەشە بۆ بایكۆتكردنی ڤاكسینەكان دەكەن.

ئەمڕۆ هەینی سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”هەموو ڤاكسینەكان كاریگەر و سەلامەتن و سەرچاوەكانیان جیهانی و ڕەسەنن، هیچ كاریگەریی لاوەكی گەورە یان مامناوەند تۆمارنەكراوە”.

بە وتەی سەیف بەدر”هەر قسەیەك لەبارەی كاریگەریی لاوەكی ڤاكسینەكان بكرێت، دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ پەیوەندییەكی بەسەر پرۆسەكەوە نییە”.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق دەڵێت”وەزارەتی تەندروستی بەرپرسیارێتی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی دەخاتە ئەستۆی ئەوانەی بانگەشە بۆ بایكۆتكردنی ڤاكسینەكان دەكەن و سكاڵای یاسایی لەدژییان بەرزدەكاتەوە، بەو پێیەی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی تەندروستی وڵات دروست دەكەن”.