سەردێر

“پیلانەكانی توركیا دژی هەرێمی كوردستانە”

خەڵك-ئارام سەردار

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، پیلانەكانی توركیا دژی هەرێمی كوردستانە، بەبەڵگەی ئەوەی تائیستا دانی بەو هەرێمە نەناوەو وەكو هەرێم مامەڵەی لەگەڵدا ناكات.

ئارام عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی سەبارەت بەو ڕووداوەی دوێنێ لەناوچەی چیای مەتینا ڕوویدا بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەداخەوە ئەوە وەسیلەیە بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی توركیا، ئەگەرچی تائێستا ڕووداوەكە زۆر ڕوون نیە كەچ لایەنێك تەقەی لەو هێزەی پێشمەرگە كردووە، بەڵام زیاتر ئەگەری ئەوە هەیە بەمووشەكی فڕۆكەی توركی پێكرابن، هاوكات دوێنێ هێزەكانی پاراستنی گەل ئەنجامدانی هێرشی لەم شێوەیان بۆ سەر پێشمەرگە ڕەتكردەوە، لەلایەكی تر هەر دوێنێ فڕۆكەی توركیا هێرشی كردووەتەسەر كەمپی ئاوارەكانی باكوور لەقەزای مەخموور كە بەداخەوە ۳ شەهیدو دوو برینداری لێكەوتووەتەوە بەداخەوە واتە لەیەك ڕۆژدا هەشت ڕۆڵەی كورد شەهیدو شەش كەسیش بریندار بوون.

دەشڵێت، ئەگەرەكان زۆرن، بەڵام مادام هێرشەكەی سەر كامپی مەخمور توركیایە ئەوە ئەو هێرشەی سەر هێزەكەی پێشمەرگەش لەچیای مەتینا هەر توركیایە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، گرفتەكە لەوەدایە ئەو ناوچەیە گۆڕەپانی شەڕە لەنێوان گەریلاكانی پەكەكەو دەوڵەتی توركیا، نازانرێ بۆچی ئەو هێزەی پێشمەرگە لەو ناوچەیە نزیك بوونەتەوە، لەهەمانكاتدا جارێكی تریش تەئكید لەوە دەكەمەوە كە ئەوە پیلانە گڵاوەكانی دەوڵەتی توركیایە كەبەهەموو شێوەیەك دژی كوردە.

ئەو چاودێرە سیاسیە ڕوونیشی دەكاتەوە، پیلانەكانی توركیا زۆر دژی هەرێمی كوردستانە، بەبەڵگەی ئەوەی تائیستا دانی بەو هەرێمە نەناوەو وەكو هەرێم مامەڵەی لەگەڵدا ناكات، تائیستاش نوێنەری حكومەتی هەرێم لەووڵاتی توركیا نیە. بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی كورد بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە ڕووداو و پرسانەدا بكات، خۆی بپارێزێ لەشەڕی ناوخۆیی و كورد بەكورد.