سەردێر

هاوپەیمانییەكەی عامری: كازمی داردەستی ئەمریكایە

پێیوایە كار بۆ لەناوبردنی حەشدی شەعبی دەكات

خەڵك-
هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە داردەستی ئەمریكا بۆ لەناوبردنی حەشدی شەعبی ناودەبات.

حامید عەباس موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”دەستگیركردنی حاجى قاسم موسڵیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنباری حەشدی شەعبی، بەئامانجگرتنێكی نەخشەبۆداڕێژراوە و پیلانێكی ئاشكرایە بۆ تێكشكاندنى پێگەی حەشدی شەعبی، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانیش، بۆتە بوكەڵەیەكی ئەمریكا و داردەستی وڵاتەكە بۆ لەناوبردنی حەشدی شەعبی”.

بە وتەی موسەوی”كازمی و ئەوانەی لە تیمە ئەمنییەكەيدان، كاردەكەن بۆ جێبەجێكردنی پیلانێكی ئەمریكایی ئیسرائیلی بۆ لەناوبردنی حەشدی شەعبی”، هۆشداریشیدا لە كاردانەوەیەكی میللی مەترسیدار لە چەند كاتژمێری داهاتوو لە دژی دەستگیركردنەكە.

پێشتر سەرچاوە ئەمنییەكان ئاماژەیان بە دەستگیركردنی قاسم موسڵیح فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی ئەنبار كرد و ڕایانگەیاندبوو كە فەرمانی دەستگیركردنەكە لەلایەن فەریق ئەحمەد ئەبو ڕەغیف سەرۆكی لیژنەی بنبڕكردنی گەندەڵى دەرچووە و لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە موسڵیح دەستگیركراوە.