سەردێر

مامۆستایانی ناڕازی؛ تا ستەم بەردەوام بێت، ناڕەزایەتیش بەردەوام دەبێت

سلێمانی – نزار جەزا

مامۆستایەكی ناڕازی ڕایدەگەیەنێت، تا ستەم هەبێت ناڕەزایەتی بەردەوامدەبێت، بۆیە لەماوەی چەند هەفتەی ئایندەدا بڕیاردەدەن ئایا چۆن ناڕەزایەتییەكانیان دەستپێبكەنەوە.

نەجمەدین شێخ ساڵح، مامۆستای ناڕازی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوێنێ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی كۆبوونەوە و بڕیاریان لەبارەی چەند خاڵێكەوەدا.

ئاماژەی بەئەوەشدا، تاكو ستەم هەبێت ناڕەزایەتی بەردەوامدەبێت، بۆیە لەماوەی چەند هەفتەی ئایندەدا بڕیاردەدەن ئایا چۆن ناڕەزایەتییەكانیان دەستپێبكەنەوە.

باسی لەئەوەشكرد، بڕیارنییە بایكۆتی دەوام بكەن، چونكە پێشتریش كە باكۆتیان دەكرد، خواستی مامۆستایان نەبوو، بەڵكو دەسەڵات وایكردبوو كە بایكۆت بكەن.

ئەوەشی خستەڕوو، چەندین ساڵە پلەبەرزكردنەوە وەستاوە، كە داواكارن دەست بەپلە بەرزكردنەوە بكرێتەوە.

باسی لەئەوەشكرد، ژمارەیەك مامۆستا لەبادینان دەستگیركراون، كە دەبێت ئازادبكرێن، چونكە ئەوان مامۆستان و داوای مافی خۆیان و هاوكارەكانیان كردووە.

ئەوەشی باسكرد، تاكو ئێستا (لێدزینی) موچەكانیان بەردەوامە، لەكاتێكدا داهات زیادیكردووە، جگە لەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە، ئەو موچەیەی وەریدەگرن بەهای نەماوە.

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ یەك شەممە ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی كۆبوونەوە و دواتر هیچ ڕاگەیەندراوێكیان لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە نەبوو.