سەردێر

تەندروستی هەرێم: ڤیزەی ڤاكسین ئامادەیە

خەڵك

وەزارەتی تەندروستی هەرێم دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیی گەیشتنی ڤاكسین و دەڵێت: لە كۆی 55 هەزار و 820 ڤاكسینی گەیشتوو، زیاتر لە 85%ی لەلایەن چین و توێژە جیاوازەكانی خەڵكەوە وەرگیراون. هاوكات ئاماژە بەوە دەكات كە كارتی وەرگرتنی ڤاكسین، كە بە “ڤیزەی ڤاكسین”یش ناوی بردووە، ئامادەیە و “تەنیا بۆ هاووڵاتییانی تۆماركراو دەدرێت”.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند:”لە كۆی 55 هەزار و 820 ڤاكسینی گەیشتوو، زیاتر لە 85%ی ڤاكسینەكان لەلایەن چین و توێژە جیاوازەكانی خەڵكەوە وەرگیراون، ئاماژە بەوەشدەكات “خۆشبەختانە هیچ لێكەوتەیەكی نامۆ و مەترسیدار تۆمار نەكراوە”.

وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمشەو بەشێكی تری ڤاكسین بۆ چەند سەنتەرێك دەگاتە هەرێمی كوردستان، هاوكات جەختی لەوەش كردووەتەوە كە تاكە ڕێگەی وەرگرتنی ڤاكسین بە ڕێگەی خۆتۆماركردنی پێشوەختەی ئەلكترۆنی دەبێت لە پۆرتاڵ و لینكی وەزارەتی تەندروستی، تا بە یەكسانی بگاتە هاووڵاتییان لەسەر بنەمای پێشینەی تەمەن و نەخۆشیی درێژخایەن.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕوونیشی كردووەتەوە:”پێدانی ڤاكسین بە یەكسانی بەسەر هاووڵاتییاندا بەردەوام دەبێت، بە مەرجی بوونی نۆرە (موعد)ی تۆماركراو، هیچ كەس و لایەنێك بەبێ (وادەی تۆماركراو) ناتوانێت و مافی وەرگرتنی نابێت”. هەروەها تیشكی خستووەتە سەر ئەوەش كە تا ئێستاش بەستنی ماسك و لێك دووركەوتنەوە گرنگترین ڕێكاری خۆپارێزییە كە پێویستە خەڵك پابەندی بن.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژەی بەوەش كردووە “كارتی وەرگرتنی ڤاكسین (ڤیزەی ڤاكسین Vaccine VISA)ی نێودەوڵەتی ئامادەكراوە و تەنیا بۆ هاووڵاتییانی تۆماركراو دەدرێت و لە داهاتوودا دەبێتە مەرجی زۆر لە بوارەكانی ژیان”.