سەردێر

لوقمان وەردی : بڕیاری دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراواندا، بڕیارێكی یاسایی و دروستە

خەڵك

لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەی شارەوانی گواستنەوە و گەیاندن وگەشتوگوزار لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكرەوە و ڕایگەیاند، دابینكردنی زەوی نیشتەجێبوون و شوێنی حەوانە بۆ سەرجەم ھاووڵاتیان ئەركی حكومەتە و كەس ناتوانێت ئەم مافە لەكەسوكاری ئەو كەڵە پیاو و میرخاسانە زەوت بكات، كە ئەوان لە ڕۆژگارە سەختەكاندا لەپێناو ھاتنە كایەی ئەم ئەزموونە حكومڕانییەی ھەرێمی كوردستان دا، خوێنیان بەخشیووە.

ئەمرۆ وەزارەتی شارەوانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، “لە كاتی هەبوونی ژمارەی زەوی پێویست كە بەپێی پلان بۆ نیشتەجێكردن ئامادە دەكرێت، بەسەر سەرجەم توێژەكان دابەش دەكرێت، نەوەك بە جیاوازی و لە چەند شوێنێكی دیاریكراو و بەكارهێنانی زەوی گشتی لە پێناوی مەرامی سیاسی و دابەشكردنی بەسەر دۆست و لایەنگران و دروستكردنی ئەمری واقیعێك بە دوور لە بنەمای یاسایی”.

لەبەرامبەردا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدابۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی ئاماژەی بەوەكردووە، دڵنیاتان دەكەمەوە كە هیچ كەس و هێزێك نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواكانتان بوەستێتەوە و دەشڵێت: ” بە هیچ شێوەیەك قابلی قەبوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بكرێت بۆ وەرگرتنی مافێكی ڕەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەر.

 

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكەى لوقمان وەردی :

 

كێ دابەشكردنی زەوی بەسیاسیی دەكات؟

دابینكردنی زەوی نیشتەجێبون و شوێنی حەوانە بۆ سەرجەم ھاووڵاتیان ئەركی حكومەتە، لەم پڕۆسەشدا پێویستە لەسەر حكومەت، ئەولەویەت بە كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی بدات، كە ئەوان شكۆی سەروەرییەكانی ڕابردومانن. لەبەرانبەریشدا، ھەر كەمتەرخەمیەك، كە بەرامبەر ئەم توێژە گرنگانەی كۆمەڵگای كوردی بكرێت، خیانەتە لەخەباتی نەتەوەییمان.

بەداخەوە وەكو پێویست نەتوانراوە خزمەتكاری كەسوكاری شەھیدەكانمان بین، بۆیە لەم سۆنگەیەوە بەبڕوای قوڵەوە دەڵێین: كەس ناتوانێت ئەم مافە لەكەسوكاری ئەو كەڵە پیاو و میرخاسانە زەوت بكات، كە ئەوان لە ڕۆژگارە سەختەكاندا لەپێناو ھاتنە كایەی ئەم ئەزمونە حكومڕانییەی ھەرێمی كوردستان دا، خوێنیان بەخشیوە. ھاوكات جیگای بیرخستنەوەیە ھەموو ھەوڵەكان بۆ دابینكردنی زەوی بۆ كەسوكاری شەھیدەكانمان، لەژێر ڕۆشنایی بڕیار و سیاسەتەكانی حكومەتی ھەرێم دا بووە.

ھەروەھا بریاری دابەشكردنی زەوی بەسەر كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان دا، بریارێكی یاسایی و دروستە و پالپشتە بە سێ فەرمانی بەرێز “قوباد تاڵەبانی” بە سیفەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم (بەوەكالەت )، بەژمارە (٨٦٧ ، ٨٦٨، ٨٦٩، لە ٢١-٢-٢٠١٨). ھەروەھا نوسراوی وەزیری شارەوانی لە كابینەی ھەشت بە ژمارە (٤٣٨٧ لە ٨-٦-٢٠١٦)، كە داوای تەرخانكردنی زەوی پێویست لەسنوری شارەوانی كەلار دەكات، بۆ مەبەستی دابەشكردنی بەسەر كەسوكاری شەھیدان دا.

ھەر بۆھەمان مەبەست، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە نوسراویان ژمارە (٣١٢٨)لە (٢٠/ ٧/ ٢٠٢٠) رەزامەندییان دەربریوە بۆ ئیفرازكردنی زەوی پێویست.
وێرای ھەموو ئەمانە لەماوەی رابردوودا ، من بۆخۆم وەك سەرۆكی لێژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان، لەسەر داواكاری كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، سەرەرای بەدواداچونی بەردەواممان بۆ پڕۆسەكە، بە نوسراویش داوای جێبەجێكردنی بریاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانمان كردووە، تایبەت بە پێدانی زەوی بۆ كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی.

كەواتە:

١- بریاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەوەكالەت بەرێز (قوباد تاڵەبانی ) بۆ پێدانی زەوی بۆ (١١١٤٢) كەس، بریارێكی تەواو یاساییە.

٢- ئەم بریارە تایبەت نییە بۆ ناوچەیەكی دیاری كراو، بەڵكو بۆ تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستانە. كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسیش بەبێ جیاوازی لێی سودمەند دەبن.

٣- ئەم بریارە لە “كابینەی ھەشت”دا دەرچووە و پێشتریش كار بەم بڕیارە كراوە. جێگای ئاماژەپێكردنە: تەنھا لە سنوری شارەوانی كەلار و چەند ناوچەیەكی تردا، كێشەی نەبوونی زەوی پێویست ھەبوو.

ھەربۆیە، پەیوەست بەم بابەتە، بە سەرسورمانەوە راگەیەنراوی وەزارەتی شارەوانیم خوێندەوە، ئەگەر كێشەیەكیش ھەبوبێت لەو بریارە، خودی وەزارەتی شارەوانی خۆیەتی و منیش جەخت لەوە دەكەم بە “سیاسیكردن”ی ھەر بابەتێكی تایبەت بەخزمەتگوزارییەكانی ھاووڵاتیان، خزمەت بەكۆمەڵگا ناكات! وەك چۆن “پێدانی زەوی” بەكەسوكاری شەھیدەكانمان، بە ئەركی ئیداری و نیشتمانی دەزانین و ھەر ھەوڵێكیش بۆ لێڵكردنی پڕۆسەكە، ھەوڵێكە بۆ “بەسیاسیكردن”ی ئەم مافە و بەلارێدابردنی یاسا و رەوایی بڕیارەكانی دەسەڵات لە ھەرێمی كوردستان.