سەردێر

پزیشکێک: ئەوانەی ئەم نەخۆشیانەیان هەیە نابێت بە ڕۆژوو بن

خەڵک-

پزیشکێکی پسپۆڕی هەناوی، کە هاوکات بەڕێوەبەری یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنایە لە سلێمانی ئاماژە بە چەند جۆرێکی نەخۆشی دەکات،و دەڵێت: “ئەوانەی ئەم نەخۆشیانەیان هەیە نابێت بەڕۆژوو بن”.

د. داهات حەوێزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی جۆری نەخۆشییەکانی بەم شێوەیە پۆلێن کردووە:

 

1-ئەو کەسانەی بەرزەفشاری خوێنیان هەیە و هەمیشە زەختەکەیان بەرزە، ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە و حاڵەتەکەیان ناجێگیرە، وەکو سستی دڵ و زەبحە و جەڵتەی دڵ

2-نەخۆشی شەکرە کە دەرزی ئەنسولین یان ئەو دەرمانانە بەکارئەهێنن کە شەکرە زۆر دائەبەزێنێ، ئەو نەخۆشانەی دایمە شەکرەکەیان بەرزە یان شەکرەیان زۆر دائەبەزێ، ئەو نەخۆشانەی پێش ڕەمەزان فەحسی سێ مانگی شەکرە (HbA1c)یان لە ۹ زیاتر بێت.

3-نەخۆشانی سستی گورچیلە و هەوکردنی سەختی گورچیلە و بەردی زۆری گورچیلە و بەرزی یوریک ئەسید وا باشە بەڕۆژوو نەبن

4-نەخۆشی قورحەی گەدە و قورحەی دوانزەگرێی چالاک و خوێنبەربوون

5-نەخۆشانی کەمخوێنی سەخت تا کەمخوێنەکەیان چاک نەبن وا باشە بەڕۆژوو نەبن

6-نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەکو سیل و شێرپەنجە و هەوکردنە سەختەکان (ئەو کەسانەی بە سەختی کۆڕۆنایان گرتوە).

7-هەندێ لە نەخۆشانی شەقیقە بە برسیەتی خراپ ئەبن وا باشە بە ڕۆژوو نەبن.