سەردێر

هاتووچۆی سلێمانی؛ سزاى نەبەستنی ماسكى بۆ شۆفێران و سەر نشینان دیاریكرد

خەڵك
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو شۆفێر و سەرنشینانە دەگیرێتەبەر كە ماسك بەكارناهێنن هەر شۆفێرێك (تایبەت، بارهەڵگرو كرێ) ماسك نەبەستێت 20 هەزار دینار غرامە دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركرد.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە لەبەیانی ژمارە (۱۲) ی ساڵی ۲٠۲۱ و لە خاڵی سیازدەیەمدا هاتووە شۆفێری ئۆتۆمبیلەكان بەهەموو جۆرەكانیەوە ( تایبەت، بارهەڵگرو كرێ) لەكاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیاندا پێویستە شۆفێر و سەرنشین پابەند بن بە بەستنی ماسك، بەپێچەوانەوە بڕی 20 هەزار دینار بۆ هەر سەرنشینێك، شۆفێر وەك پێبژاردن بڕی سزاكە دەدات.

ئاشكراشیكردووە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی وەك لایەنی جێبەجێكار ئەم بڕیارە جێبەجێدەكات و لە ۱/٤/۲٠۲۱ تا ۳/٤/۲٠۲۱ ڕێنمایی دەدرێتە شۆفێران بە بەستنی ماسك لە دوای ئەو ماوەیە هەر شۆفێرێك سەرپێچی بكات سزا دەدرێت.

هاوكات ، له ڕۆژانی هه‌ینی ‌و شه‌ممه‌، ئەفسەران و کارمەندانی گۆڕپانەکان و بازگەکان هه‌ڵئه‌ستن به‌ڕێنماییكردنی شۆفێران، به‌تایبه‌تی شۆفێری هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ (پاس‌و ته‌كسی) له‌شۆفێر‌و سه‌رنشینان، ماسك به‌كاربهێنن، له‌ڕۆژانی یه‌كشه‌ممه‌شه‌وه‌ (4/4/2021)، ڕێکاری یاسایی ده‌گیرێته‌به‌ر، به‌رامبه‌ر ئه‌و شۆفێر‌و سه‌رنشینانه‌ی كه‌ پابه‌ندنابن‌و ماسك به‌كارناهێنن.