سەردێر

دەقی ئەو ماددانەی لە بودجەدا لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێم و فەرمانگە فیدڕاڵییەكان چەسپێنران

خەڵك-
كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ داڕشتنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە كۆتایی هات و لە ئێستادا ژمارەی یاسایی پەڕلەمانتاران لەناو هۆڵی پەڕلەمانن بۆ پەسەندكردنی بودجە.

سەرچاوەیەك لە پەڕلەمانی عیراق پێشتر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئێستادا كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەڕلەمان تەواو بووە و ڕەشنووسی كۆتایی بودجە چاپكراوە و بەشێك لە پەڕلەمانتاران و دەستەی سەرۆكایەتی لەناو هۆڵی پەڕلەمانن و ژمارەی یاسایی تەواو بووە و كۆبوونەوە دەستی پێكردووە.

بەپێیی ئەو زانیارییانەی دەست (خەڵك) كەوتوون، لەناو بودجە چەند ماددەیەك چەسپێنراوە لە بەرژەوەندەی مووچەخۆر و فەرمانبەر و فەرمانگە فیدڕاڵییەكانی هەرێم.

بەپێی ماددە 11ی بودجە، هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە خەرج كردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەران پێش هەر خەرج كردنێكی دیكە.

هەر بەپێی پڕۆژە یاساكە، دوای ڕەزامەندی هەردوو وەزارەتی دارایی عیراق و هەرێم، ڕاژەی فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدڕاڵییەكان دەخرێتەوە سەر فەرمانگە سەرەكییەكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵی.