سەردێر

رێوشوێن دژی ئەو میدیایانە دەگیرێتەبەر كە مۆڵەتیان نییە

خەڵک – نزار جەزا

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی ئاگادارکردۆتەوە، مامەڵەی فەرمی تەنها لەگەڵ ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانە بکەن، کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە.

 

بەمەبەستی ڕێکسختنی کاری میدیایی لەهەرێمی کوردستان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم لەڕێگەی نوسراوێکەوە دامودەزگا حکومییەکانی ئاگادارکردۆتەوە، تەنها لێدوان بۆ ئەو دەزگایانە بدەن، کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە و خۆیان ناساندووە.

 

بەپێی بەداوداچوونەکانی (خەڵک) ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری تاکو ئێستا نەگەیشتۆتە سنووری سلێمانی و دامودەزگا حکومییەکانی سلێمانی لەو نوسراوە ئاگادارنین.

 

شیروان عەوڵا خورشید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و چاپ لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەت هەرێم بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، لەوەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە داوایان لەهەموو دەزگا ڕاگەیاندنەکان کردووە، ئەو دەزگایانەی مۆڵەتیان نییە، سەردانیان بکەن و خۆیان بناسێنن، چونکە ناکرێت دەزگای ڕاگەیاندن کاربکات و مۆڵەتی نەبێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دەزگا میدیاییانەى کە مۆڵەتیان هەیە لەلیستێکدا کۆکراونەتەوە و تەواوی فەرمانگە و ناوەندە حکومییەکانیان لێ ئاگادارکردۆتەوە، بۆئەوەی تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەواندا بکەن.

 

باسی لەئەوەشکرد، لەم هەنگاوەدا دامودەزگاکانی حکومەتیان لێ ئاگادارکردۆتەوە، دواتر لەهەنگاوێکی دیکەدا هاوڵاتییانیش ئاگاداردەکەنەوە و هەنگاو بەهەنگاو ڕێگری لەو کارەنایاساییانە دەکەن.

 

ڕێکخستنی کاری میدیا لەهەرێمی کوردستان ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە و ئەم هەنگاوە بەهەنگاوە پێویستەکان دادەنرێت، بۆئەوەی هیچ کەسێک بەبێ مۆڵەت و نافەرمی کارنەکەن.

 

کاروان ئەنەوەر سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان لقی سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەو نوسراوەیان بەدەستنەگەیشتووە، بەڵام دەبێت دەزگا ڕاگەیاندنەکان مۆڵەتی هەبێت دواتر کاربکات، ئەگەر مۆڵەتی نەبێت نابێت کاربکات.

 

ئەوەشی خستەڕوو، هەرکات ئەو نوسراوەیان بەدەستگەیشت ئەوکاتە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و بەکارێکی باشی دەزانن.

 

باسی لەئەوەشکرد، هەموو ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەى لەسلێمانی کاردەکەن بە ماڵپەڕ و ڕادیۆ و تیڤییەکانەوە مۆڵەتیان هەیە، تەنانەت ئەو پەیجانەى تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە کاردەکەن و دیار و فەرمین، داوامان لێ کردوون، کە وێبسایتێک دامەزرێنن و لەسەر وێبسایتەکە مۆڵەتی فەرمی وەربگرن.

 

ماوەیەک لەمەوبەر وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتى هەرێم ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوای لەسەرجەم دەزگا ڕاگەیاندنەکان کرد، کە ئەوانەى مۆڵەتیان نییە خۆیان تۆماربکەن و ئەوانەشی مۆڵەتیان بەسەرچووە بچن مۆڵەتەکانیان نوێ بکەنەوە.