سەردێر

ئەمڕۆ دوا وادەی ئاماری ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكانە

خەڵك-

وتەبێژی هاتووچۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، داوا لە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان دەكەین ئۆتۆمبێلەكانیان ئامار بكەن.

بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلى بێ سەرەتا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا ئاماری ئەو ئۆتۆمبێلانە كۆبكاتەوە دواتر چارەسەرێكیان بۆ بدۆزێتەوە، تاكو چیتر ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بكرێت.

ئەسعەد مەلا كەریم وتەبێژی هاتووچۆی هەرێم بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی هاتووچۆ لە شارەكانی هەرێم دەستیان كردووە بە ئاماركردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان كە هیچ سەرەتایەكیان نییە.

وتیشی”ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە مۆدێلیان لە خوارەوەیە، داوامان كردووە سەردانی هاتوچۆی شارەكان بكەن بۆ ئەوەی ئاماریان بكەین و بزانین كوالێتیان چۆنە بۆ ئەوەی چارەسەرێكیان بۆ بدزۆێنەوە”.

ئاشكراشیكرد، ئەمڕۆ تاكو كاتژمَر 6ی ئێوارە دوا وادەیە بۆ ئاماركردنی ئۆتۆمبێلەكان، بۆیە لە ڕێگەی “تۆڕی میدیای خەڵك”ەوە داوا لە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكەین سەردانمان بكەن بۆ ئەو مەبەستە.

ڕوونیشیكردەوە، تاكو ئێستا هیچی ئۆتۆمبێلێكی لەو شێوانە تۆمار نەكراون، بەڵام ژمارەیەكی بەرچاو ئامار كراوە لە شارەكان بەشێوەیەك ئەگەر بێتو لە داهاتوو هەر شتێكمان پێویست بێت پەیوەندیمان لەگەڵیان دەبێت.

وتیشی: ئەو وادەیەی پێشتر دیاریكراوە، كۆتا وادەیە و بەپێی زانیاری ئێمە درێژ ناكرێتەوە و ئەوەی ئاماری نەكردبێت خۆی بەرپرسیار دەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران و هاتوچۆی شارەكان كۆدەبینەوە و دەمانەوێ ئەو كێشەیە نەمێنێت لە شارەكان و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا نەمێنێت و چارەسەرێكیان بۆ بدۆزینەوە كە چارەسەرێكی گونجاو بێت.