سەردێر

وتەبێژی حكومەتی هەرێم پەیامێك بڵاودەكاتەوە

خەڵك
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ ڕێككەوتنێكی فەرمی و یاسایی و مێژوویی كە لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی و دەستوریدا، بۆ یەكەمجار و لە عێراق دان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كورد دا نرا.

د. جوتیار عادل ، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بە بۆنەی ساڵیادی ١١ی ئازاربڵاوكردەوە ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ ٥١ ساڵ بەسەر واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ تێدەپەڕێت، كە وەرچەرخانی گەورە و بنەمایەكی بەهێز بوو بۆ ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە هەموو عێراق و دەستپێكی فەزایەكی نوێی كاری سیاسی و دیپلۆماسی لای كورد.

ڕاشیگەیاندووە، هەوڵدانە بۆ پێكەوەژیان لە چوارچێوەیەكی دیموكراسی و دەستووری و فیدراڵی كە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكات و خوازیارە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراقیش بەو ئایدیا و خواستەوە كار بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی و بنیاتنانەوە و پێشكەوتن بكەن.

دەقی پەیامەكە:
ئەمڕۆ ٥١ ساڵ بەسەر واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ تێدەپەڕێت، ڕێككەوتنێكی فەرمی و یاسایی و مێژوویی كە لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی و دەستوریدا، بۆ یەكەم جار و لە عێراق دان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كورددا نرا. ئەم ڕێككەوتنە كە بەرھەمی شۆڕشی ئەیلول بە سەرۆكایەتیی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی بوو، وەرچەرخانی گەورە و بنەمایەكی بەهێز بوو بۆ ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە هەموو عێراق و دەستپێكی فەزایەكی نوێی كاری سیاسی و دیپلۆماسی لای كورد.

ڕێككەوتننامەی ١١ی ئازار بنەمای تێهزرینی سیاسەتێكی حەكیمانە و ئاشتیخوازانە و هەوڵدانە بۆ پێكەوەژیان لە چوارچێوەیەكی دیموكراسی و دەستووری و فیدراڵی كە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكات و خوازیارە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراقیش بەو ئایدیا و خواستەوە كار بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی و بنیاتنانەوە و پێشكەوتن بكەن.

د. جوتیار عادل
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان