سەردێر

له سلێمانی پێشانگای گیا دەرمانی شیفا داخرا

خەڵك
سەرۆكی لیژنەی هاوبەشی تەندروستی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن و هەبوونی گیا دەرمانی ماوە بەسەرچوو قائیمقامیەتی سلێمانی پێشانگای شیفا دادەخات .

هاوڕێ حمە شوان، پزیشكی دەرمانساز و سەرۆكی لیژنەی هاوبەشی تەندروستی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە، پێشانگای گیا دەرمانی شیفا بەهۆی پابەند نەبوون بەمەرج و رێنماییەكانی كاركردن و هەبوونی دەرمانی گیایی ماوە بەسەرچوو و ساغكردنەوەی بەسەر هاووڵاتیاندا داخرا .

ڕاشیگەیاندووە، یەكێكی دیكە لە سەرپێچییەكانی پێشانگاكە هەبوونی دەرمانی رێگە پێنەدراو و نەبوونی مۆڵەتی كوالێتی كۆنترۆڵی جۆریی دەرمانەكانە، كە بەپێی رێنماییەكانی پێویستە لەلایەن فەرمانگەی كوالێتی كۆنترۆڵەوە پشكنینان بۆ بكرێت و رێگە پێدانیان بۆ فرۆشتنی بەهاوڵاتیان هەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی پێشانگای گیادەرمانی شیفا لەشەقامی گۆران (ئۆرزدی) شاری سلێمانی دادەخرێت و لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە تەواوی ئەو دەرمانانەی دەستی بەسەردا گیراوە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.