سەردێر

نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە

خەڵك
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە پەیامی قەداسەتیان بۆ ئاشتی، لێبووردەیی، پێكەوەژیان، یەكترقبووڵكردن، سڕینەوەی ڕقوكینە، تووندڕەوی، تیرۆر و تۆڵەسەندنەوە دەكەین، دەشڵێت ،”ئەو چەمك و بەهایانە‌ بنەمای سە‌رەكیی كۆمەڵگەی كوردستانن”.

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی كۆتاییهاتنی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، ئەو چەمك و بەهایانە‌ بنەمای سە‌رەكیی كۆمەڵگەی كوردستانن و وەك هەمیشە پارێزگارییان لێدەكەن و هیوادارین لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بە گیانی ئەو پەیام و بەهایانە كێشە و ناكۆكییەكان چارەسەر بكەین.
دەشڵێت،”بۆ تیماری زامەكانی جەنگ و توندتیژی لە عێراق ، هەروەك لە قوداسی هەولێردا قەداسەتی پاپا وتیان چارەسەر “تەنها لێبوردەیی و بەخشندەیی و میهربانییە كە هەر ئەوەش خواستی خوایە لە مرۆڤەكانی”.

دەقی پەیامەكە:

بە ڕێز و پێزانینێكی گەورەوە لە سەردانەكەی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانین كە وێڕای نالەباریی دۆخەكە، سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی سەردانەكەی. پڕ بە دڵ‌ سوپاسیان دەكەم. ستایشی قەداسەتیان بۆ كولتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە كوردستان مایەی سەربەرزی و شانازیمانە.

زۆر سوپاسی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیییەكانی كوردستان دەكەم كە به د‌ڵگەرمییەكی زۆرە‌وە‌ بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی پێشوازی و میوانداریكردنی قەداسەتی پاپادا كرد، بەتایبەتی بەڕێزان مامۆستایان و كەسایەتیی ئایینیی موسڵمان و هەموو ئایین و ئایینزاكانی دیكەی كوردستان و عێراق. ئەوان وێنەیەكی جوانی شارستانیی ڕەسەن و ڕاستەقینەی پێكهاتەكانی گەلی كوردستان و كولتووری لێبوردەیی و پێكەوەژیان و برایەتییان نیشانی هەموو جیهان دا. ‌

بۆ تیماری زامەكانی جەنگ و توندتیژی لە عێراق، هەروەك لە قوداسی هەولێردا قەداسەتی پاپا گوتیان چارەسەر “تەنها لێبوردەیی و بەخشندەیی و میهربانییە كە هەر ئەوەش خواستی خوایە لە مرۆڤەكانی. ڕاسپاردەی یەزدان بۆ ئێمە بوونی دڵیكی بێگەردە، بێگەرد لە كینە، بێگەرد لە دووبەرەكی و هەڵخەڵەتاندن و ئارەزووی تۆڵەكردنەوە”، بە پێچەوانەوە تونڕۆیی و تۆڵەكاری وەك قەداسەتیان فەرموویان “لە گێژاوێكی بێكۆتاییدا نغرۆمان دەكات”.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە پەیامی قەداسەتیان بۆ ئاشتی، لێبوردەیی، پێكەوەژیان، یەكترقبووڵكردن، سڕینەوەی ڕقوكینە، توندڕەوی، تیرۆر و تۆڵەسەندنەوە دەكەین. ئەو چەمك و بەهایانە‌ بنەمای سە‌رەكیی كۆمەڵگەی كوردستانن و وەك هەمیشە پارێزگارییان لێدەكەین. هیوادارم لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بە گیانی ئەو پەیام و بەهایانه كێشە و ناكۆكییەكان چارەسەر بكەین.

سوپاسی هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی فیدراڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو لایەنه پەیوەندارانە دەكەم كە وایانكرد ئەو سەردانه مێژوویییە لە ئاستێكی بەرزدا لەڕووی پرۆتۆكۆلی و ڕێكخستن و ئاسایشەوە، شایستە و بە ڕێكوپێكی بەڕێوە بچێت.‌

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

8/3/2021