سەردێر

داوا دەكرێت لەڕێی بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە ڕێنماییەكانی تەندروستی بڵاوبكرێنەوە

خەڵك-
دیوانی وەقفی شیعە لە پارێزگەیەكی عیراقی، داوا لە وتاربێژ و پێشنوێژەكان دەكات، لەڕێی بڵندگۆی مزگەوت و حسێنییەكانەوە، ڕێنماییەكانی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بڵاوبكەنەوە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەپێی نوسراوێك كە لەلایەن بەڕێوەبەیەراتی وەقفی شیعەی پارێزگەی دیوانیەوە دەرچووە، داوای لە وتارخوێن و پێشنوێژەكان دەكرێت، لەڕێی بڵندگۆی مزگەوت و حسێنییەكانەوە، ڕێنماییەكانی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بڵاوبكەنەوە، بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە.

هەر لە نوسراوەكەدا هاتووە”پێویستە ڕێنمایی بدرێتە هاووڵاتیان، تا كەمامە ببەستن و دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی ڕەچاو بكەن و دەستەكانیان بە بەردەوامی بشۆن، بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە گردبوونەوە لە شوێنە بەرتەسكەكان بپارێزن و پابەندی ڕێنماییەكانی شانەی قەیرانی پارێزگەكەبن”.

تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگەكانی عیراق، لەم ماوەیەی دواییدا بەرزترین ئاستی تۆماركرد، بەپێی ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووش كە لەلایەن  وەزارەتی تەندروستی بڵاوكرایەوە، ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا گەیشتە 4181 كەس و 2592 كەس چاكبوونەوە و 16 كەسیش بە پەتاكە گیانیانلەدەستدا.