سەردێر

عێراق:زیاتر منداڵ و گەنج تووشی ڤایرۆسە نوێیەكە بوون

خەڵك-

وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ڕایدەگەیەنێت ئەو شەپۆلە نوێیەی كۆڕۆنا كە رووی لە عێراق كردووە زیاتر منداڵان و گەنجان تووشی بوون.

ئەمڕۆ شەممە پێگەی “ئەلعەرەبیە” بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، ئەم شەپۆلەی بەمدواییە رووی لە عێراق كردووە، زۆر فراوانە و هاووڵاتیانیش بەباشی پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی نابن بۆیە خەڵكێكی زۆر تووش بوون.

ئاماژە بەوە كراوە ئەم شەپۆلە زیاتر منداڵان و گەنجانی گرتووەتەوە ئەمەش بۆ یەكەمین جارە لەم وڵاتەدا روو دەدات بۆیە زۆر پێویستە هاووڵاتییان بە وریایی هەڵسوكەوت لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و رێنوێنییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن.

پێشتر وەزیری تەندروستیی عێراق حەسەن تەمیمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، ئەوشەپۆلەی رووی لە عێراق كردووە زۆر بەتینە و گرنگە هاووڵاتیان ڕێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن تا بتوانین قۆناغەكە تێپەڕێنین.