سەردێر

لیژنەی دارایی: پرۆژە یاسای بودجە تەواو بوو

تەنیا بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێم ماوە

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، تەوابوونی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق ڕادەگەیەنێت و دەڵێت تەنیا بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستانی ماوە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند:”پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق لەلایەن لیژنەی داراییەوە تەواوكراوە و تەنیا بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان ماوە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندی حكومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە بە بەغدا”.

بە وتەی ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق:”شاندی حكومەتی هەرێم چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان هەیە، بۆیە چاوەڕێی ئەم یەك دوو ڕۆژە دەكەین، ئێمەش وەك ئەندامانی لیژنەی دارایی و فراكسیۆنە كوردستانییەكان، و وەك شاندی حكومەتی هەرێمیش لەسەر دەقە حكومییەكە تائێستادا پێًداگری دەكەین، بەو پێیەی واقعی ترە و لێوەی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ دەتوانن جێبەجێی بكەن”.

شیروان میرزا دەڵێت:”تائێستا چاوەڕوانی لایەنە شیعییەكانیین، تا پێشنیارەكانیان بهێنن و گفتووگۆی لەسەر بكەین، لەو بارەیەشەوە پێمان ڕاگەیاندوون، هەر پێشنیارێك هەر دەقێك دەستور بێت و پێچەوانەی دەستور و یاسا نەبێت قبوڵە و دەكرێت گفتووگۆی لەسەر بكرێت، بەڵام هەر دەقێك نایاسایی و نادەستوری بێت و شیاوی جێبەجێكردن نەبێت، ئەوا ڕەتدەكرێتەوە و قبوڵ ناكرێت”.