سەردێر

“هێرشەكەی گارە رێككەوتنی ئەنقەرە و بەغدایە”

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆ تاقیكردنەوەی ئەمریكایە

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژی پەكەكە بۆ تاقیكردنەوەی ئەمریكایە.

دوو ڕۆژە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی هەڵۆی دووی بۆ سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووەو بەپێی زانیارییەكانیش، دەیان سەرباز و فەرماندەی باڵای هەردوولا كوژراون و ڕفێنراون.

كانەبی باپیر چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، توركیا نزیكەی 30 ئۆپەراسیۆنی گەروەی سەربازی لەوكاتەوە كە پەكەكە دەستی بە خەباتی چەكداری كردووە لە ساڵی 1984ەوە ئەنجام داوە.

وتیشی”لە سەردانەكەیدا بۆ توركیا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە ئەو هێزانەی نایاسایین نەمێنن، یان پێویستە سنورەكانی خۆمان بپارێزین لەو كەسانەی دەستدرێژی دەكەنەسەر توركیا”.

ئاشكراشیكرد، ئەم ئۆپەراسیۆنانە گومان دەكرێت دەستی وڵاتی عێراقیشی تێدابێت، چونكە پێشتر بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكان توركیا ڕایدەگەیاند، بەڵام ئەمجارە كتوپڕ بوو، ڕاستەوخۆ دوای ڕێكەوتنی عێراق و توركیا ڕوویدا.

ڕوونیشیكردەوە، ئەم هێرشە زادەی سەردانەكەی كازمییە، بۆیە توركیا دەست واڵا كراوە و گومانیش دەكرێت بە ئەوەندە ڕانەوەستێت، چونكە پێشتر هێرشی كردەسەر برادۆست و دەیویست بەرەو قەندیل بڕوات، توركیاش كاتێكی گونجاوی هەڵبژاردووە و وڵاتێكی بەهێزیشە بەشێوەیەك لە ئەگەری خراپبوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا، دەتوانێت پەیوەندییەكانی ئاسایبكاتەوە بە زووترین كات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا تاقیكردنەوەیەكە بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریكا، تاكو بزانن وەڵامی ئەمریكا چییە، پشتگیری دەكەن یاخود نا.

ئەمەش لەكاتێكدایە، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ئاشكرایدەكات، سوپای توركیا لە كاتژمێر 3ی بەرەبەیانی دوێنێوە لە ناوچەی گارە دەستی بە ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوان كرد و تاوەكو كاتژمێر 6ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بووە.

لای خۆشییەوە وەزارەتی بەرگری توركیا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-٢ كە لە ناوچەی گارە-ی هەرێمی كوردستان لە دژی گەریلاكانی پەكەكە دەستیپێكردووە، 3سەربازی سوپای توركیا لە یەكەی كۆماندۆی پیادە لە شەڕ و پێكدادانێكدا كوژراون و چوار سەربازی دیكەش برینداربوون.