بەهۆی بوونی دەرمانی ڕێگەپێنەدراو و فرۆشتنی بە هاووڵاتیان لە شوێنەكەیدا، قائیمقامیەتی سلێمانی سەنتەری ڤانە بیوتی دادەخات.
د.پەرست نەقشبەندی، پزیشكی دەرمانساز و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی هەبوونی دەرمانی ڕێگەپێنەدراو لەشوێنەكەیدا و فرۆشتنی بەهاووڵاتیان، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەنتەری ڤانە بیوتی لە بازاڕی كاسۆمۆڵی شاری سلێمانی دادەخات.
وتیشی:” بەكارهێنانی دەرمانی جوانكاری و بەهێزكردنی جەستە پێویستی بە ڕێنمایی پزیشكی پسپۆڕ هەیە، بەڵام لەو سەنتەر و پێشانگایانە بەبێ هەبوونی زانیاری لەسەر دەرمانەكان و بەشێوەی نایاسایی بەهاووڵاتیان دەفرۆشن، بۆیە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە ڕێگرییان لێدەكرێت”.
د. پەرست نەقشبەندی ڕوونیشی كردەوە: لەكاتی بەكارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە بەشێوەی هەڵە، زیان بەتەندروستی بەكارهێنەرەكە دەگەیەنێت بۆیە داوای لەهاوڵاتیان كرد؛ ئەو جۆرە دەرمانانە لە سەنتەر و پێشانگاكاندا مەكڕن و بەكارینەهێنن و لەكاتی هەبوونیدا، لەڕێی ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی لێ ئاگادار بكەنەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی سەنتەری ڤانە بیوتی دادەخرێت و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.
خەڵك – بەشی هەواڵ