سەردێر

سعودیە رێوشوێنی بەپەلەی راگەیاند

خەڵك-

وەزارەتی ناوخۆی عەرەبستانی سعودیە رایگەیاند بۆ بەرەوڕوبوونەوەی كۆرۆنا رێوشوێنەكان توندتر دەكەنەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئامارەكان لە هەندێك ناوچەی عەرەبستان.

بەرپرسێك لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئاژانسی هەواڵی عەرەبستان رونیكردەوە، لەگەڵ رێنمایی دەزگا پەیوەندیدارەكان كە لە 20ی مانگی رابردوو دەرچووە و بەرزبوونەوەی ئامارەكان لە هەندێك ناوچەی عەرەبستان پێویستە رێوشوێنەكان توندتربكرێنەوە كە لەگەڵ رەوشی ئێستا بگونجێت.

دەشڵێت: پێویستە وەك وڵاتانی جیهان دەركەوتنی شەپۆلی دووهەمی كۆرۆنا لە پێش چاو بگیرێت لەگەڵ گرنگی پارێزگاری لە تەندروستی گشتی و رێگری لە شەپۆلی دووهەم لە عەرەبستان كە فشار لەسەر دامەزراوە تەندروستییەكان دروست دەكات و كۆنترۆڵی قورس دەبێت.

بەپێی بڕیارە نوێیەكانی عەرەبستان سەرجەم ئاهەنگ و كۆبوونەوە گشتییەكان بۆ ماوەی 30 رۆژ رادەگیرێن و رەنگە درێژیش بكرێنەوە و ناشبێت هیچ كۆبوونەوەیەك لە 20 كەس زیاتر بن.

هاوكات سەرجەم چالاكییە هونەرییەكان رادەگیرێن و هۆڵەكانی سینەما و ناوەندە رۆشنبیریی و وەرزشییەكان دادەخرێن.

رۆژی هەینی رابردووش عەرەبستان بڕیاریدا كە رێدان بە سەفەری هاووڵاتیان و كردنەوەی دەروازە وشكایی و هەوایی و ئاوییەكان تا 17ی ئایاری داهاتوو نەكرێنەوە كە بڕیاربوو لە 31ی ئاداردا بكرێنەوە.

هاوكات لە میرنشینی دوبەی كۆمەڵێك رێوشوێنی بۆ پارێزگاری لە كۆرۆنا گیرانەبەر بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەكانەوە.