سەردێر

حكومەتی هەرێم نرخی كارەبا لەسەر هاووڵاتیان گران دەكات

خەڵك-
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی دوو ئاستەنگەوە نرخی كارەبایان بە ڕێژەیەكی زۆر كەم بەرزكردۆتەوە، كە هیچ كاریگەری لەسەر هاووڵاتیان نابێت و ئەوان ناویان ناوە “هاوسەنگیمان ڕاگرتووە”.

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی كارەبای هەرێم، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، نرخی كارەبای (ماڵان و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی و میری) گران كراوە بە ڕێژەیەكی دیاریكراو.

بوپێی نووسراوەكە، ئەگەر کارەبای ماڵان لە 5000 کیلۆوات زیاتر بێ ئەوە دەبێتە 241 دیناری مانگانە، بەڵام پێشتر تەنها 200 دینار بووە و کارەبای بازرگانی هەر کیلۆواتێک 157دینارە، كە پێشتر 130 دینار بووە و بۆ فەرمانگەی حکومی هەر کیلۆواتێک 181 دینارە، كە پێشتر نرخەکەی 150دینار بووە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەموو وەزارەتەكانی هەرێم بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار كێشەیان بۆ دروست بووە لە پڕۆژەكانیاندا و وەزارەتی كارەباش بەدەرنیە لەو بارگرانیەی تووشی بووە.

وتیشی، “بۆ هاوسەنگ ڕاگرتنی ئەو دۆخەی بەهۆی بەرزبوونەوی بەهای دۆلار هاتۆتە ئاراوە، كە ئێمە لە وەزارەت لەگەڵ ئەوە نەبووین، نرخی كارەبامان بە شێوەیەكی ڕەمزی بەرزكردۆتەوە، بۆ نمونە 450 وەحدەی جاران بە 15 دینار بووە ئێستا بۆتە 18 دینار واتە 3 دیناری چۆتەسەر”.

ڕاشیگەیاند، ئەم بەرزكردنەوەی ڕەمزیەش كاتیە و لەگەڵ جێگیر بوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار وەك پێشوو ئەوا نرخەكانیش وەك پێشووی لێ دێتەوە و هیچ گۆڕانكارییەك ڕوونادات.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاشكراشیكرد، ئەوەی كراوە بۆ ئەوەیە، كە ئێمە هەموو خەرجییەكانمان بە دۆلارە و داهاتمان بەدینارە و ئەوە كێشەی دروست كردووە، هەرچەند بەو بەرزكردنەوەی نرخەش بە پێی دۆلار نیە، چونكە ئەگەر وابێت دەبێت 15 دینارەكەی جاران بەرزبێتەوە بۆ 25 تا 30 دینار، بەڵام 3 دیناری خراوەتەسەر.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەوەی كراوە نەخواستی حكومەتی هەرێم بووە و نە وەزارەتی دارایی، چونكە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار حكومەتی ئیتیحادی كردویەتی.