سەردێر

ململانێی سیاسی كێشەی بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا دروست كردووە

خەڵك- ئارام سەردار
سروە عەلی جەباری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای كوردستان لەدیمانەیەكیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵك) ڕایدەگەیەنێت، بەداخەوە بەهۆی ململانی سیاسی نیوان عیراق و كوردستان، دەرمان و پیداوستیە پزیشكیەكانمان كەم دێت و گرفتی نەبوونی دەرمان و پێداویستیە پزیشكیەكانمان هەیە و نزیكەی ۷ ساڵە نەخۆشخانەكەشمان تەنها بەردی بناغەی دانراوە.

خەڵك: تالاسیمیا چیە؟

سروە جەباری: تالاسیمیا نەخۆشییەكی بۆماوەیی خوێنە، واتە كەسی توشبوو توانای درووستكردنی خوێنی نییە بەشێوەیەكی ئاسایی، ئەو خوێنەی(هیمۆگڵۆبین)ی تێدا نیە بەهۆی گرفتێكی بۆماوەییەوە، مرۆڤی توشبوو وەك پێویست هیمۆگڵۆبین دروست ناكات بەوەش دەبێتە كەسی كەم خوێن، كەسی كەم خوێنیش بەردەوام بەدرێژایی ژیانی پێویستی بەوەیە خوێن لە كەسێكی ترەوە وەربگرێت.

خەڵك: نەخۆشی تالاسیمیا تەنها گرفتەكەیان هەر خوێن وەرگرتنە؟

سروە جەباری: خۆی تالاسیمیا وا لەكەسی توشبوو دەكات كە بەردەوام و بەدرێژایی ژیانی پێویستی بەوەرگرتنی خوێن هەبێت، هەرچەندە ئەم پڕۆسەیە لەئێستادا لەوپەڕی پێشكەوتندا ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەمەش گرفتی خۆی هەیە ئەویش كەڵەكەبوونی ئەو ئاسنەیە كەلەناو پێكهاتەی خوێندا هەیە بەهۆی بەردەوامی پڕۆسەی گواستنەوەی خوێن لەكەسێكی ترەوە بۆ كەسی توشبوو. لەشی مرۆڤ وا دروست بووە كە ئاسن فڕێ نادات و زیاتر وەری دەگرێت ، ڕێگەیەكی نییە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی فیسیۆلۆجی لەو ئاسنە ڕزگاری بكات، واتە كەهاتە لەشەوە هەڵیدەگرێت و دەری ناكاتە دەرەوە، بۆیە ئەو كەسە چەند خوێن وەربگرێت بەشە ئاسنەكەی وەردەگرێ وردە وردە لە لەشدا كۆدەبێتەوە تا دەگاتە ئاستێك كەهەموو لەش پڕ دەبێت لەئاسن ولێی زیاد دەبێت .

خەڵك: ئاسن چ گرفتێك بۆ تووشبوانی تالاسیمیا دروست دەكات؟

سروە جەباری: ئاسن گرفتێكی هەیە كە لە لەشدا زیادبوو دەبێت هۆی كێشە لە لەشی تووشبوەكەدا، لەبەرئەوەی ئەم مادەیە لەناو دڵ و جگەرو گلاندەكان و ڕژێنەكان و هێلكەداندا دەنیشێت واتە لەناو هەموو خانەكانی لەشدا دەنیشێت و كاردانەوەی خۆی دەكات بۆیە وردە وردە زیانەكانی بەسەر بەشەكانی جەستەوە زیاد دەبێت، لەبەر ئەوە منداڵێك كە زانرا تالاسیمیای هەیە و خرایە بەر خوێن وەرگرتنی بەردەوام پێویستە لەدووای ماوەیەك دەست بكرێت بەدەركردن و كەم كردنەوەی ئاسن لە لەشیدا ئەویش بە بەكارهێنانی دژە ئاسن، كەواتە زۆرترین گرفت كە لەئەنجامی تالاسیمیادا جگە لە وەرگرتنی خوێنەكەش دەردەكەوێت گرفتی ئاسنی زیادەیە.

خەڵك: ماوەیەك گرفتی دەرمان و پێداویستیەكانتان هەبوو، بەچی گەیشت چارەسەر بوو؟

سروە جەباری: بەداخەوە بەهۆی ململانی سیاسی نیوان عیراق و كوردستان دەرمان و پیداوستیە پزیشكیەكانمان كەم دێت و ناوبەناو دەبڕدرێت یان كوالیتەكەی نزم دەبیتەوە، بەداخەوەش وەك تووشبویكی تالاسیمیا نازانم لە كوێووە دەست پێ بكەم ئەوەی لە ناو واقعی ژیانەكەدا نەبێت نازانی چۆنە ئیمەی تووشبونی تالاسیمیا ئازارمان كەم نیە، نەبوونی، كەمی دەرمان و نەمانی پێداوستیەكانیش ئەوەنەی تر ئازارمان دەدات ، لەم چەند ساڵەدا ناو بە ناو دەرمان و پێداوستیەكانمان وەك پیویست بۆ نایەت لەعیراق وە حكومەتی خۆشمان تاڕادەیەك وەك پێویست دابینی ناكات، بۆیە هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار لەهەرێمی كوردستان بەجدی لە ئازارەكانی تالاسیمیا بەدواداچوون بكەن و كەمی پێداویستیە پزیشكیەكانمان بۆ چارەسەربكەن.

خەڵك: واتە ئێستاش گرفتی نەبوونی دەرمان بەردەوامە؟

سروە جەباری: لەئیستادا كیشەو گرفتی تووشبوان نەبوونی دەرمان و پچڕانی پێداویستیە پزیشكیەكانە كە چەندین مانگە دەرزی دیسفڕاڵ كە زۆر پێویسە و ڕۆژانە دەبێ بەكاری بێنین نیە، وە بەشێك لە دەرمانی كالیسۆم، ڤیتامینات، ئیلتهابات نیە ماوەیەك پێش ئێستا واتە پێش چەند ڕۆژێك بەهاوكاری پارێزەر (دارا ڕوواندزی) هەڵسا بەكردنەوەی پێشانگایەكی شێوەكاری، دواتر داهاتی پێشانگاكە بەخشرایە كۆمەڵەی تالاسیمیا بۆ دابین كردنی پێداویستیە پزیشكیەكانی تووشبوان، سوپاسی تەواوی خوێن بەخشان و خێرخوازانیش دەكەین كەوا بەهانامانەوە هاتوون كەم تا زۆر هاوكارمان بوون بۆ دابین كردنی پێداویستیەكانمان، لەهەمان كاتدا لەلایەن دوو تاقیگەشەوە تیووبی تایبەت بە پشكنینی خوێن كە لەسەنتەری چارەسەری تووشبووان نەمابوو بۆ دوومانگ دابین كرا.

خەڵك: بڕیاربوو نەخۆشخانەیەكتان بۆ درووست بكرێت، بەچی گەیشت؟

سروە جەباری: ئێمە زۆر بەئاواتەوەبووین نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەخۆمان بكرێت، بەردی بناغەكەمان بۆ دانرا لە ١٧ی شوباتی ٢٠١٤، بەڵام ئەوەی دڵ گرانی كردوین تائیستا بەردی نەخراوەتە سەربەرد، بەسوپاسەوە لەلایەن پاپای ڤاتیكان كە نەخۆشخانەیەكی كردبوو بۆ هاونیشتیمانیانی دانیشتووی كەرتی 108 عەنكاوە بۆ ماوەیەكی كاتی ئەوە چەند ساڵێكە كراوە بەسەنتەری تالاسیمیا لەئێستادا لەو نەخۆشخانەیە خوێن وەردەگرین، لەلایەن خێرخوازانەوە پێداوستیەكانی ناو نەخۆشخانە دابین كراوە لەلایەن ژووری بازرگانی هۆڵێكمان بۆ درووست كرا بۆ ئەوەی بەئاسانی خوینەكانمان وەرگرین لەلایەن ڕێكخراوی شنەبای یابانیش دوو هۆڵی تر دووست كرا بۆ ئەوەی فراوانتربێت، لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەرەكەمان پێوستی بە خزمەت و پەرەپێدانی زیاترە ، هیوادارین نەك ساڵانە بەڵكو هەمیشە بەدواداچوون بكرێت بۆ تووشبوانی تالاسیمیا.

خەڵك: ژمارەی تووشبووان چەندە؟ چۆن ڕێگری بكرێت لەوەی ژمارەكە زیاتر نەبێت؟

سروە جەباری: لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە ٣ هەزار و ٦٠٠ تووشبوو هەن، هیوای دەخوازین كە لایەنی پەیوەندیدارە حكومیەكانی وەك وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ كۆمەڵەو سەنتەری تالاسیمیا هەوڵ بدەن بۆ ڕێگرتن لەزیادبوونی نەخۆشیە بۆماوەیەكان بەتایبەت تالاسیمیا، پێكەوە كاربكەن هۆشیاری بڵاوبكەنەوە لەناو كۆمەلگا من خۆم وەك تووشبووێك حەزناكەم هیچ مندالێكی تر تووشبێت ئازار بكێشێت.