سەردێر

كۆمەڵ خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان یەكلایینەكردووەتەوە

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنەكانی عیراق دەكات و سەركردایەتیش چوار بژاردە تاوتوێ دەكات.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لەسەرەتای ئەم هەفتەوە دەرگای بۆ لایەنەكان كردەوە كە خۆیان تۆمار بكەن، بەپێی زانیارییەكانیش، لایەنە سیاسییەكان ئەو وادەیەی كۆمسیۆن دیاری كردووە بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانی بە كورت لە قەڵەمی دەدەن.

هاوژین عومەر بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لەو فۆرمانەی بۆ لایەنەكانی ناردووە باسی هاوپەیمانی دەكات، بەڵام لایەنەكان گرفتیان لەوكاتەدا هەیە كە دیاریانكردووە.

وتیشی”ئامانج لە یاسا نوێیەكەی عیراق بەهێزكردنی بنەمای هاپەیمانیەتیەكانە، زۆربەی حزبەكان بە حزبە گەورەكانیشەوە، بەرنامەیان داناوە بۆ ئەنجامدان و پێكهێنانی هاوپەیمانی، خودی یاساكە بۆ ئەوە دەڕوات لە فرە حزبیەوە ببێتە چەند هاوپەیمانیتیەكی گەورە لە عیراقدا، ئەوەش شتێكی تەواوە و هەموو هێزەكان بیر لەوە دەكەنەوە كە هاوپەیمانێتی بكەن”.
ڕوونیشیكردەوە، كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، ئێمە كۆمەڵێك بژاردەمان ئاڕاستەی سەركردایەتی حزب كردووە كە چوار بژاردەن و ئەوەی بە ئێمەش گەیشتووە بڕیارە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بكرێت بۆ یەكلاكردنەوەی بڕیاری سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كە بە چ شێوازێك دادەبەزێت، بە تەنیا یان هاوپەیمانی دەكات.
ئاشكراشیكرد، تاكو ئێستا وەكو كۆمەڵ و زۆرینەی حزبەكان هیچ شتێكیان ڕانەگەیاندووە هاوپەیمانی بكەن و لەگەڵ كێ هاوپەیمانێتی بكەن، گلەیی و ناڕەزایەتیش هەیە لەسەر ئەو ماوە كەمەی كە كۆمسیۆن دایناوە بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانیەتیەكان، پێشبینیش دەكرێت ئەو وادەیە درێژ بكرێتەوە.

سەبارەت بەوەی تا ئێستا هیچ لایەنێكی سیاسی داوای لە كۆمەڵ كردووە بۆ هاوپەیمانی، هاوژین عومەر ڕایگەیاند، كۆمەڵی ئیسلامی بژاردەكانی دیراسە كردووە، و هەندێك هێزی سیاسیش لە كۆبوونەوە ڕەسمی و ناڕەسمییەكان پێشنیاری هاوپەیمانیان بۆ كردووە.