سەردێر

تەنگەژەی نەمانی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی مەترسی درووستكردووە

بریكاری وەزارەتی تەندروستی: چارەسەركردنی كێشەی نەمانی دەرمان لە سلێمانی لای ئەنجوومەنی وەزیرانە

خەڵك-

بریكاری وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند “كێشەی كەمی دەرمان لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی لە ئێستادا رووی لە گەورەبوونە و چارەسەرەكەشی لە دەست وەزارەتەكەیاندا نییە و هۆكارەكەشی لایەن و وەزارەتی دیكەیە”.

لە ماوەی دواییدا كێشەی كەمی دەرمان بەرۆكی نەخۆشخانەكانی سلێمانی گرتووە، لەو بارەوە رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزیری تەندروستی هەرێم لە لێدوانێكیدا بۆ (خەڵك) رایگەیاند، “كێشەی كەمی دەرمان لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی نوێ نییە و بەردەوام لە ئارادا بووە، بەڵام لە ئێستادا گەورەتر بووە، لە پێناو چارەسەركردنیشیدا ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی هەموو هەوڵی خۆمانداوە و چەندین نووسراومان بەرزكردووەتەوە”.

رەهێڵ فەرەیدوون لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری (خەڵك) تایبەت بە هۆكاری كەمیی دەرمان، دەڵێت: “وەڵامی ئەو پرسیارە لای من نییە و لەلای وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران دەستدەكەوێت”.