سەردێر

بایدن، پلانی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئۆمیکرۆن ڕادەگەیەنێت

خەڵک

سەرۆکی ئەمەریکا، هەوڵی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، ناوسراو بە ئۆمیکرۆن ڕادەگەیەنێت.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەرگرتن لەئۆمیکرۆن، پلانێکی گشتگیر ڕادەگەیەنێت و چەند هەنگاوێکی ستراتیژی ئاشکرا دەکات، لەوانە، ڕەوانەکردنی کارمەندانی تەندروستی فیدڕاڵی بۆ ئەو نەخۆشخانانەی کە لەڕووی توانای رۆییەوە گرفتیان هەیە، هەروەها دابەشکردنی پێشوەختەی یەدەگی کەلوپەلە تەندروستیەکان بە سەرانسەری وڵاتدا و پێدانی 500 ملیۆن پێداویستی پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەخۆڕایی بە هاووڵاتیانی ئەمریکا.

بایدن پلانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆمیکرۆن لە کۆشکی سپی ڕادەگەیەنێت، لەکاتێکدا دووبارە ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو لەو وڵاتە لە زیادبووندایە، هاوکات  ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو 143000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە و 1300 حاڵەتی دیکەی گیان لەدەستدان تۆمارکراون، کە نزیکەی سێ بۆ چوار بەشی حاڵەتە نوێیەکان پەیوەستن بە جۆری ئۆمیکرۆن کە زۆر بەخێرایی دەگوازرێتەوە.

بایدن، لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی وتی؛ ئەگەرێکی زۆر هەیە حاڵەتە نوێیەکانی توشبوون لەو کەسانەدا کە ڤاکسینیان وەرگرتووە بەهۆی جۆری ئۆمیکرۆنەوە زیاتر بێت، بەڵام نیشانەکانی ” پێدەچێت مەترسیدار نەبن، بەڵام هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی ” بەپێچەوانەوە، ئەوانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە مەترسی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە زیاترە و خراپ نەخۆش دەکەون، تەنانەت لەوانەیە ببێتە هۆی مردن.”

ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشیە گوازراوەکانی حکومەتی ئەمەریکا دەڵێن؛ نزیکەی 204 ملیۆن هاووڵاتی ئەمریکی یاخود لە سەدا 61 ی هاووڵاتیان بەتەواوەتی ڤاکسینیان وەرگرتووە، کە ئەمەش تەنها لە سەدا یەک زیاترە لە دەستپێکی ساڵی 2021، بەڵام تەنها 60.8 ملیۆن کەس ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، کە بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن ژەمی سێیەم بەرگرییەکی باش دژی ئۆمیکرۆن دروست دەکات.

نزیکەی 50 ملیۆن هاووڵاتی ئەمریکایی هیچ ڤاکسینێکیان وەرنەگرتووە و زۆرینەی ڕەخنە لە هەوڵەکانی حکومەت دەگرن بۆ هاندانی خەڵک تاوەکو ڤاکسین وەربگرن، دەڵێن حکومەت بەو کارەی ئازادی خەڵکەکە لە هەڵبژاردنی بژاردە تەندروستیەکانی خۆی پێشێل دەکات.

کۆشکی سپی ڕایگەیاندو؛ ئەو ڕێوشوێنانەی کە بایدن ڕایاندەگەیەنێت ” ئەو مەترسییانە کەم دەکاتەوە کە ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لەسەر سیستمە تەندروستیەکانمان دروستییان کردووە، ئەمەش لەڕێی پشکنینی خۆڕایی زیاتر و وەرگرتنی ڤاکسینی زیاتر تاوەکو خەڵکەکەمان بپارێزین و خوێندنگاکانمان و ئابوورییەکەمان بەکراوەیی بیهێڵینەوە.”

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەداوە؛ بایدن 1000 پزیشکی سەربازیی و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی دیکە لە مانگی یەک و دوودا ڕەوانەی ئەو نەخۆشخانانە دەکات کە پێوستیان پێیانە، هاوکات تیمەکانی وەڵامدانەوەی بەپەلەی تەندروستی ڕەوانەی شەش ویلایەت کراون کە ئەو ویلایەتانە لە ژمارەی کارمەندانی تەندروستیدا گرفتیان هەیە.

کۆشکی سپی ئەوەشی خستەڕوو وڵاتەکە توانای نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی زیاتر فراوان دەکات، هاوکات سەدان ئوتومبێلی فریاکەوتن و تیمی تەندروستی ڕەوانە دەکات بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکان.

ئاماژەشی بەوەداوە؛ حکومەتی ئەمریکا سەدان ملیۆن دەمامکی N-95 و ملیاران دەستکێش و ملیۆنان جۆری پۆشاکی کارمەندانی تەندروستی و زیاتر لە 100,000 ئامێری هەناسەدانی لە کۆگا ستراتیژییە نیشتیمانیەکەیدا هەیە، ” ئامادەن بگوازرێنەوە، ئەگەر ویلایەتێک پێویستی پێیان بێت.”

بەپیی راگەیەنراوی کۆشکی سپی، ئێستا 20,000 ناوەندی وەرگرتنی ڤاکسین لە سەرانسەری ئەمریکادا هەن کە بەخۆڕایی ڤاکسین دەدەن، هەروەها لە مانگی داهاتووە حکومەتی ئەمریکا نیو ملیار دۆلار پێداویستی پشکنینی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکڕێت و بەسەر ئەو ئەمریکیانەدا دابەشی دەکات کە پێویستیان پێیەتی.

کۆشکی سپی ئاماژەشی بەوەدا لەم مانگانەی دواییدا حکومەتی ئەمریکا 10,000 ناوەندی وەرگرتنی ڤاکسینی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا زیادکردووە  و پلانی هەیە ناوەندی زیاتر لە شوێنە دوورە دەستەکانی ئەمەریکاش بکاتەوە و دەرمانخانەکانیش کارمەندی زیاتر وەردەگرن تا ڤاکسینەکان بدەن بە خەڵک.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا