سەردێر

تەندروستی ڕاپەڕین هۆشداری دەدات و سلێمانیش هاوكاری پێشكەش دەكات

خەڵك

بەڕێوەبەری تەندروستی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا بەرزدەبێتەوە و لە دۆخێكی زۆر مەترسیدارداین. لەبەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا لە ڕێگای ئەمبوڵانسەوە نەخۆشانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەین دەگوازرێنەوە و ڕەوانەی شاری سلێمانی دەكرێن.
ڕۆژی یەكشەممە 17-10-2021 دكتۆر دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دۆخی تووشبووانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا خراپتر دەبێت و ژمارەی مردن و تووشبوونیش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی تەندروستی ڕاپەڕین تەنیا ڕۆژی یەكشەممە شەش كەس بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین دەشڵێت، داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین بەپەلە هاوكارییەكان بگەیەنێتە هەردوو نەخۆشخانەی ژیان و نەخۆشخانەی قەڵادزێ كە تایبەتن بە تووشبووانی كۆرۆنا.

دكتۆر دیار ئیبراهیم داوا لە هاووڵاتیان دەكات پێكوتەی كۆرۆنا وەربگرن و ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بێت “ناچارن لە كۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو پێشنیازبكەین هەڵمەتێكی خۆپارێزی ڕابگەیەنرێت، هەروەها داخستنی شوێنە گشتییەكان و هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەكان و ڕاگرتنی دەوام لە پلاندا دەبێت.”

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین ئەوەشی خستەڕوو “داوای قەدەغەی هاتووچۆ دەكەین لە شەشی بەیانی بۆ شەشی ئێوارە، هەروەها داوای كەرەنتینی گشتی دەكەین بۆ ئەوەی ژمارەی تووشبووان لەوە زیاتر نەبێت.”

هەر ئەمڕۆ یەكشەممە تەندروستی ڕاپەڕین هۆشدارییەكی توندی دایە هاووڵاتیانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین “بەهۆی بەردەوامی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووانی كۆرۆنا لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین و نەمانی شوێنی بەتاڵ بۆ داخڵكردنی نەخۆشانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ژیان و سەنتەری كۆرۆنا لە قەڵادزێ”.

دوابەدوای داواكارییەكەی تەندروستی ڕاپەڕین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم ئەمبوڵانسەكانی سەنتەری خێرای ۱۲۲ی سلێمانی و نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پاڵپشت و پشتیوانی و هاوكاری و گواستنەوەی نەخۆشانی كۆرۆنا دۆخی تەندروستی تووشبوان و شوێنی مانەوەی نەخۆش لە دەڤەری ڕاپەڕین و نەخۆشخانەكانی لە حاڵەتێكی خراپدایە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا لە ڕێگای ئەمبوڵانسەوە نەخۆشانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەین دەگوازرێنەوە و ڕەوانەی شاری سلێمانی دەكرێن.