سەردێر

پەروەردەی هەرێم: چوار هەزار و 262 مامۆستا و فەرمانبەر ڤاكسینیان وەرگرتووە

خەڵك

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا و داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی دەكات پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و ڤاكسین وەربگرن. ئاشكراشیدەكات”تائێستا چوار هەزار و 262 مامۆستا و فەرمانبەر ڤاكسینیان وەرگرتووە.”


وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی  هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 01-08-2021 ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە داتا تۆماركراوەكانی سیستەمی (e- parwarda)، سیستمی ئەلیكترۆنی وەزارەتمان تائێستا چوار هەزار و 262 مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتمان (پێكوتەی ڤاكسینی كۆرۆنا) یان وەرگرتووە.

لە ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، “پێشتر ئامارەكان كەمتربوون لەو ڕێژەیە، بەڵام بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتمان و وەزارەتی تەندروستی ڕێژەی وەرگرتنی ڤاكسین زیادیكردووە.”

وەزارەتی پەروەردە سوپاسی وەزارەتی تەندروستی و پزیشك و كارمەندانی سەنتەرەكانی پێدانی ڤاكسین دەكات “بۆ ئاسانكارییان لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتمان.”

وەزارەتی پەروەردە لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەكات:”بۆ ئەوەی پارێزراوبن و پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2021-2022 بەشێوەیەكی ئاسایی دەستپێبكەین داواكارین ڕەچاوی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بكرێت بۆ خۆتۆماركردنی پێشوەختە لە سیستمی كوتانی كۆڤید 19 و پابەندبوون بە سەردانیكردنی بنكەكانی وەرگرتنی ڤاكسین لە ڕۆژانی سێشەممە پاش گەڕانەوەی ناوەكانتان.”