سەردێر

ئەمریكا و بەریتانیا لەبارەی سەرھەڵدانی كۆرۆنا داوایەك لە تەندروستی جیهانی دەكەن

خەڵك

ڕێكخراوی تەندروستی جیھانی دەڵێت، بە كوتانی نزیكەی لە 70%ی ھاووڵاتیانی جیھان، كۆتایی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دێت و ئەمریكا و بەریتانیاش داوا لە ڕێكخراوەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن، توێژینەوەی زیاتر لە بارەی سەرچاوەی سەرھەڵدانی كۆرۆنا، بكەن.

ھانز كلوگە بەڕێوەبەری لقی ئەوروپای ڕێكخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند، بە بێ كوتانی نزیكەی 70%ی دانیشتوانی جیھان، ئەستەمە ڤایرۆسی كۆرۆنا بنبڕ بكرێت.

وتیشی، تا ئێستاش شێوازی خۆپارێزی لە ئەوروپا لاوازە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە، پێویستە ڕێوشوێنی زیاتر بگیرێتەبەر. نیگەرانی خۆشی لە سەرھەڵدانی ڤایرۆسی گۆڕاوی كۆرۆنا لە بەریتانیا و ھیندستان نیشاندا و ھۆشداریدا لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە لە جیھاندا.

بە پێی دوایین ئامار، لە 53 ناوچەی جیاوازی سەر بە كیشوەری ئەوروپا كە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیھانییەوە دیاریكراوە، نزیكەی 26%ی دانیشتوان، دۆزی یەكەمی ڤاكسینی كۆرۆنایان پێدراوە، 16.9%ش ھەردوو دۆزی ڤاكسینەكەیان پێدراوە.

لێدوانەكەی بەڕێوەبەری لقی ئەوروپای ڕێكخراوی تەندروستی جیھانی لە كاتێكدایە، زۆربەی وڵاتانی جیھان دەیانەوێت بە شێوەیەكی قۆناغ بە قۆناغ ژیان ئاسایی بكەنەوە و لە ماوەیەكی كورتیشدا زۆربەی ھاووڵاتیان، ڤاكسینەكەیان پێبدرێت.

ئەمریكا و بەریتانیاش داوایان لە ڕێكخراوی تەندروستی جیھانی كردووە، توێژینەوەی زیاتر لە بارەی سەرچاوەی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات، داواشیان كردووە ڕێكخراوەكە سەرلەنوێ تیمێك ڕەوانەی چین بكات بۆ ئەو مەبەستە و توێژینەوەكانیش شەفاف بن و دواتر بۆ ڕای گشتی بڵاوبكرێنەوە.