سەردێر

ئێران بەو پارانەی كە لە عیراقە ڤاكسین دەكرێت

خەڵك

وەزیری وزەی ئێران ئاشكرایدەكات، بەشێك لە پارەكانیان كە لە عیراقە، بۆ كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا تەرخان دەكەن.


ڕەزا ئەردەكانیان وەزیری وزەی ئێران ڕایگەیاند: لەو پارانەی وڵاتەكەی، كە لە بانكی بازرگانی عیراقە، بە بڕی 125 ملیۆن دۆلار 16 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی كۆرۆنا دەكڕن.

ئەردەكانیان وتیشی، ڕێكاری پێویست گیراوەتەبەر و ڕەزامەندیان وەرگرتووە تا پارەكە بۆ سەر هەژمارێكی بانكی لە سویسرا بگوازنەوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی كۆڤاكسەوە ئەو بڕە ڤاكسینە بكڕن.

تائێستا سێ ملیۆن و 337 هەزار و 848 كەس لە ئێران یەكەم ژەمی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە و 508 هەزار و 672 كەسیش هەردوو ژەمەكەیان پێدراوە.

نزیكەی پێنج ملیار دۆلار پارەی كارەبا و غازی ئێران لە لای عیراق ماوەتەوە و بە هۆی گەمارۆكانی ئەمریكا ناتوانێت بیانگوازێتەوە و ئەو پارانە لە بانكی بازرگانی عیراق هەڵگیراون.

بەپێی ڕێككەوتنێكی پێشووی نێوان تاران و بەغدا دەكرێت ئێران بەو پارانە كاڵا و پێداویستی و خۆراك لە بازاڕەكانی عیراق بكڕێت و بیانگوازێتەوە بۆ وڵاتەكەی.