سەردێر

تەندروستی جیهانی: تەنها هەڵمەتی كوتان نابێتە هۆی وەستانی كۆرۆنا

خەڵك

لێپرسراوێكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، تەنها هەڵمەتی كوتان ڕێگری لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناكات.

د.مایكڵ ڕایان بەڕێوەبەری فریاكەوتن لەڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنا خاوەنی وزەیەكی جوڵاوەی زۆر گەورەیە لەهەندێك وڵات و زیادبوونی تووشبووان لەسەر ئاستی جیهانی تەنها پەیوەستە بەجۆرە نوێیەكانی ڤایرۆسەكە و كۆمەڵێك هۆكاری تر.

هاوكات هۆشداریشی دایە وڵاتان لەوەی سووككردنی ڕێكارە دەبێتە هۆی خراپبوونی دۆخی بڵاوبوونەوەی پەتاكە و ڕایگەیاند، ئەو سەركردانەی لەبڕوایەدان هەڵمەتی كوتان بەتەنها دەبێتە هۆی وەستاندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەوا هەڵەن.

بەڕێوەبەری فریاكەوتن لەڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەشی خستەڕوو، هەندێك وڵات لەدۆخێكی باشدانین و پێویستیان بە پارێزگاری كردنە لەسیستمی تەندروستی و ئاماژەی بەوەكرد نزیكبوونەوەی خەڵكی لەیەكتری و كۆبوونەوە و تێكەڵاوبوون بەبێ پارێزگاری و ڕێكارەكان مەترسییە سەرباری ئەوەی هەڵمەتی كوتان و دابەشكردنی ڤاكسین دەستی پێكردووە.