سەردێر

وەزیری پەروەردە: پابەندنەبوونی خەڵك وایكردووە ڕیسەكەمان ببێتەوە بەخوری

خەڵك

وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: خوێندنی ئەلكترۆنی گرفتی بۆ دروستبووە و جێی خوێندنی ناوپۆل ناگرێتەوە و كەموكوڕی هەیە.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: خوێندنی ئەلكترۆنی گرفتی بۆ دروستبوە، بەتایبەت لەناوچە دوورەدەستەكان كە هێڵی ئینتەرنێتی لێنیە یان كێشەی تێدایە.

وتیشی: خوێندنی ئەلكترۆنی 100% جێی خوێندنی ناوپۆل ناگرێتەوە و كەموكوڕی هەیە و ناچارییە لەپێناو پاراستنی گیانی مامۆستایان و خوێندكاران.
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشدا: نەك تەنها لەهەرێمی كوردستان، بەڵكو لەهەموو جیهان كوالێتی خوێندن كاریگەری لەسەر دروستبووە و زیانی بەركەوتەوە.

لەبارەی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندنیش ئالان حەمە سەعید وتی: دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن پەیوەندی پەخۆپارێزییەوە هەیە، بەڵام جەژنمان لەپێشە كە بەركەوتن زۆر دەبێت، بۆیە پابەندنەبوونی خەڵك وایكردووە ڕیسەكەمان ببێتەوە بەخوری، لەكاتێكدایە لەناو خوێندنگەكان خۆپارێزی كراوە.

وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو: بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی تەندروستی دەكەین لەبارەی ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا، ئەگەر دوای جەژن ئامارەكان كەمببنەوە دەرگای خوێندنگاكان دەكرێنەوە، بەڵام بەتەناوب و خۆپارێزییەوە.