سەردێر

كۆشكی سپی پێشنیاری داخستنی گشتی بۆ ھیندستان دەكات

خەڵك

ئەنتۆنی فاوچی ڕاوێژكاری پزیشكی كۆشكی سپی سەبارەت بە تەشەنەسەندنی كۆرۆنا لە ھیندستان پێشنیاری داخستنی گشتی بۆ ئەو وڵاتە كرد.

ڕۆژنامەی ئیندیان ئێكسپرێسی هیندی لە زاری ئەنتۆنی فاوچيیەوە بڵاوی كردووەتەوە، ھەرچەندە دابینكردنی ئۆكسجین و كەلوپەلی خۆپارێزیی تر گرنگن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە، بەڵام پێویستە ھیندستان بۆ ماوەی چەند ھەفتەیەك قەدەغەی ھاتووچۆ بسەپێنێت، بۆ سنووردانان بۆ تەشەنەسەندنی زیاتری پەتاكە.

ئەنتۆنی فاوچی ڕاشیگەیاندووە، ھەرچەندە داخستنی گشتی ڕێكارێكی پەسەند نییە بەلایەوە، بەڵام ئەگەر بۆ چەند ھەفتەیەك ئەو ڕێكارە بگیرێتەبەر، كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەبێت.

سەرەڕای گەورەیی كارەساتەكە، بەڵام تائێستا حكومەتەكەی ناریندرا مودی سەرۆك وەزیرانی ھیندستان داخستنی گشتی ڕانەگەیاندووە و نیگەرانە لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی داخستنەكەی ساڵی ڕابردوو كە گورزی كاریگەری لە ئابووری ئەو وڵاتەدا.