سەردێر

تاهیر عەبدوڵا: دەبێت حكومەتی هەرێم خەرجییەكانمان پڕ بكاتەوە

خەڵك

بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەڵێت: بەهۆی كۆرۆناوە داهاتی فڕۆكەخانە بەشێوەیەكی زۆر دابەزیوە و دەبێت حكومەتی هەرێم خەرجییەكانی پڕ بكاتەوە.

تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە: لەو كاتەی كۆرۆنا بڵاوبویەوە لە هەموو جیهان وردە وردە كاریگەریە نەرێنییەكەی لەسەر بواری گەشتیاری دەركەوت، لە گواستنەوەی ئاسمانیش وەكو هەر بوارێكی تری ڕێكاری پێویست گیرایەبەر و بووە هۆی ئەوەی زۆر كەس نەتوانێت گەشتی ئاسایی بكات هەرچەندە ئەگەر بەراورد بكەین لەگەڵ ساڵی 2016 تا 2019، دەتوانم بڵێم نزیكەی 55% بۆ 60% گەشتەكان دەستی پێكردووەتەوە، چونكە بەڕاستی ئێستا خەڵكانێكی كەم گەشت دەكەن.

تاهیر عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشداوە: ئەگەر سەیری ژمارەی ئەو فڕۆكانە بكەین لە ڕابردوودا هاتووچۆی فڕۆكەخانەیان كردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوودا زۆر كەمی كردووە و هەندێك كۆمپانیا هەیە نووسینگەكانی خۆیان داخستووە، بۆیە داهاتی فڕۆكەخانە لە 30% بۆ 35% دابەزیوە بەبەراورد بەساڵانی پێشوو، دەبێت حكومەتی هەرێم خەرجییەكان پڕ بكاتەوە.

سەبارەت بەوەی كە وەرگرتنی ڤاكسین كراوە بە مەرجی گەشتكردن تاهیر عەبدوڵا وتی: ژمارەیەكی كەم خەڵك پێكوتەی یەكەمیان وەرگرتووە و نەشبووە بەمەرج و تەنها پشكنینی پی سی ئاڕ بووە بەمەرج تائێستا، هەركاتێك حكومەتی عیراق یان حكومەتی هەرێم ئەو مەرجەی دانا ئێمەش جێبەجێی دەكەین.