سەردێر

تەندروستی هەرێم مەرجی كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان ئاشكرا دەكات

خەڵك

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت:”بە ڕەچاوكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی، لاریمان لە كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان نییە”.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕووداوی ڕایگەیاند “بە ڕەچاوكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و كەمكردنەوەی ژمارەی خوێندكاران لەنێو پۆلەكانی خوێندن، لاریمان لە كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان نییە. بڕیاریشە بەمنزیكانە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا كۆببێتەوە، بەڵام هێشتا ڕۆژەكەی دیاری نەكراوە”.

لەبارەی دەستپێكردنەوەی خوێندن لەنێو هۆڵەكانی خوێندن، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە كرد “هیچ شتێكمان پێنەگەیشتووە. وەزارەتی پەروەردەیە كە دەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن داواكاری پێشكێشی ئەنجومەنی باڵای لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات و دواتر لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە دەدرێت. ئەم بابەتە سەبارەت بە زانكۆكانیش ڕاستە و لە كۆبوونەوەی لیژنەكەدا بڕیاری لەبارەوە دەدرێت”.

پێشتر، موسلیم عەبدوڵا جێگیری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەمیشە داكۆكیمان لەوە كردووەتەوە كە پڕۆسەی خوێندن لەناو ناوەندەكانی خوێندن بەڕێوەبچێت، چونكە بەپێی ئەو سیستمە ئەلكترۆنیەی ئێستا هەیە، كە خوێندكاران درێژە بەو پڕۆسەیە دەدەن پێمانوایە سەركەوتوو نابێت.

جێی ئاماژەیە، لە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە خوێندنگای ئەلكترۆنی لە هەرێم دەستپێكردووە و بەپێی زانیارییەكانیش كەمترین مامۆستا و خوێندكار سەردانی ئەو خوێندنگایە دەكەن و پێشیانوایە ئەو جۆرە لە خوێندن سەركەوتوو نابێت و چەند خۆپیشاندانێكیش لەلایەن خوێندكارانەوە دژی ئەو بڕیارە ئەنجام دراوە.