سەردێر

كۆرۆنا هیندستان دەهەژێنێت

خەڵك

ژمارەی مردن و تووشبوون بە كۆرۆنا لە هیندستان تادێت بەرزتر دەبێتەوە و سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەش دەڵێت، زریانی كۆرۆنا وڵاتەكەی هەژاندووە.

لە ماوەی 24 كاتژمێردا نزیكەی 350 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هیندستان تۆمار كراون و ئەمەش بەرزترین ژمارەی تۆماركراوی ڕۆژانەیە لە سەر ئاستی جیهان.

هاوكات بەپێی دوایین ئامارەكان دوو هەزار و 624 كەس لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە هیندستان بە هۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.

لەوبارەیەوە، نارندرا مودی سەرۆك وەزیرانی هیندستان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بەسەركەوتوویی بەسەر شەپۆلی یەكەمی كۆرۆنادا سەركەوتن بە متمانەبەخۆبوونەوە جوڵاونەوە، بەڵام شەپۆلی نوێی ڤایرۆسەكە وەك زریانێك گەل و وڵاتەكەی هەژاندووە.

جێی ئاماژەیە، تائێستا زیاتر لە 17 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە هیندستان تۆمار كراون و نزیكەی 194 هەزار تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.