سەردێر

گەندەڵی لە سوتانی نەخۆشخانەكەی بەغدا بەرپرسیارە؟

سیستمی تەندروستی عێراق و هەرێمی كوردستان شكستیهێناوە و كراوەتە بوارێكی بازرگانی بۆ هەندێك كەسی دەستڕۆیشتوو

خەڵك-

بەپێی نوێترین ئامارەكان ژمارەی قوربانیانی سوتانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا گەیشتە 82 مردوو و دەیانی دیكەش بریندار بوون و ئامارەكە رەنگە بەرزتریش ببێتەوە.

چاودێران هۆكاری ئەم رووداوە دەگەڕێننەوە بۆ بوونی گەندەڵی چەندین ساڵە لە نێو وڵاتدا و بوونی گەندەڵی لە رادەبەر لەنێو دام و دەزگا حكومییەكاندا.

عێراق لە ساڵی 2020 پلەی 160 هەمینی گرتووە، بەپێی ئەم پلەیە گەندەڵییەكی زۆر لەنێو دەوڵەتدا بڵاوە.

رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەڵێت گەندەڵی لە عێراق هاووڵاتیانی بێبەش كردووە لە مافە بنەڕەتییەكانیان، ئەمە لەگەڵ دەنگوباسی بردنی بە قاچاخی زیاد لە 250 ملیار دۆلار بۆ دەرەوە لە 2003وە ئەمە لەگەڵ نەبوونی هیچ لێپرسینەوەیەك.

گەندەڵی بووە بەهۆكارێك بۆ دروستكردنی پێكهاتەی سیاسی لەنێو دامودەزگاكانی حكومەت بۆ پارێزگاری لە خۆیان و دارودەستەكانیان.

قەیرانی كۆرۆنا هێندەی دیكە باری سەر شانی سیستمی تەندروستی عێراقی قورس كردووە، چەند جارێك هۆشداری دراوە لە هەرەسهێنانی تەندروستی عێراق.

نەخۆشخانەكان و بنكە تەندروستییەكان و سیستمی تەندروستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە خراپترین سیستمە تەندروستییەكانی جیهانن.

لە چوارچێوەی سیستمی تەندروستی عێراق و هەرێمی كوردستان، بنكە و نەخۆشخانە حكومییەكان پەكخراون و هیچ خزمەتگوزارییەكیان تێدا نەماوە، بەرپرسان و حزب و بنەماڵە فەمانڕەواكان و بازرگانەكان لە رێگای دامەزراندنی نەخۆشخانەی بەناو ئەهلییەوە خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش دەكەن.

لە چەندین لاشەوە ناڕەزایەتی لەسەر ئەم نەخۆشخانە ئەهلییانە دروست بووە لە بواری لێسەندنی پارەی زۆر و بەرزی نرخی خزمەتگوزارییەكان‌و خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بەجۆرێك چەندین كەسیان تووشی كێشەی گەورەی تەندروستی كردووە سەرەڕای وەرگرتنی پارەیەكی زۆر لێیان.