سەردێر

لە پەرلەمانی ئەوروپاوە داوای ڕاگیرانی هێرشەكانی توركیا دەكرێت

خەڵك-

گروپی دۆستانی كورد لە پەرلەمانی ئەوروپا لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕایانگەیاند، دەوڵەتی توركیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و هاوڵاتیانی مەدەنی دەكوژێت و دژی ڕێككەوتننامە نێونەتەوەییەكان و یاسا هەڵسوكەوت دەكات.

ئاندرێس شیدەر وتەبێژی فڕاكسیۆنی سۆسیال دیموكراتەكانی نەمسا، نیكۆلاج ویلیامسۆن جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی چەپ و ڕێكخەری گروپی دۆستایەتیی كورد، فڕانسوا ئەلفۆنسی لە فڕاكسیۆنی ئەوروپای ئازاد (EFA)، ئەڤین ئینجەر لە فڕاكسیۆنی سۆسیال دیموكراتەكان و كاترین لانگیسپین لە فڕاكسیۆنی سەوزەكان بەشداری كۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەكە بوون.

ئاندرێس شیدەر هێرشەكانی سوپای ئەردۆغان و هێرشەكانی ئێرانی بۆ سەر خاكی عێراق شەرمەزار كرد و داوای لە یەكێتیی ئەوروپا و دامەزراوەكانی دیكەی یەكێتیی ئەوروپا كرد، كە لە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە و دەست بە جموجوڵ بكەن.

نیكۆلاج ویلیامسۆن جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی چەپ ڕایگەیاند، هێرشەكانی ئەردۆغان گورزێك بوو لە تێكۆشانی دژ بە دژی داعش “ئەگەر كۆتایی بەو هێرشانە نەهێنێت ئەوا پێویستە یەكێتیی ئەوروپا سزای ئابووری و سیاسی بەسەر توركیادا بسەپێنێت”.

ئەڤین ئینجەر لە فراكسیۆنی سۆسیال دیموكراتەكان لە كۆنفڕانسە ڕۆژنامەنووسییەكەدا داوای لە ڕای گشتیی نێونەتەوەیی كرد، دەستبەكار بن و هەڵوێست وەربگرن و پارێزگاری لە كوردان بكەن.