سەردێر

كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكان كۆدەبنەوە

خەڵك-
بڕیارە ئەمڕۆ كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە هاوینەهەواری دوكان كۆببنەوە.

ماڵپەڕی فەڕمی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە،” یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕەسمی بانگهێشتی كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ كۆبوونەوەیەك كە بڕیارە ئەمڕۆ لە هاوینەهەواری دوكان بەرێوەبچێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند تەوەرێكی گرنگ باس دەكرێن”.

سالار سەرحەد، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكانی یەكێتی ڕایگەیاندووە،”بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، یەكێتی بانگهێشتی كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان”.

ماڵپەڕەكە لە زاری سالار سەحەدەوە ئاماژەی بە ئەوەش كردووە،”تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ دەبێت لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و عێراق، یەكێتی دەیەوێت كۆدەنگی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دروستبكات بۆ چارەسەری كێشەكان بەپێی دەستوور و لەسەر بەرژەوەندی گشتی”.

سالار سەرحەد دەڵێت: “یەكێتی لەم كۆبوونەوەیەدا كەسی یەكەمی سەرجەم حزب و پارتە سیاسییەكانی بەبێ رەچاوكردنی ژمارەی كورسی و لەسەر بنەمای یەكدەنگی هاوبەش بۆ پرسە نیشتمانییەكان بانگهێشتكردووە”.