سەردێر

ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتنی سەرتاسەرییە

 

خەڵك-

دوای شەپۆلێك توندوتیژی لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و كوژرانی دەیان كەس لە ماوەی تەنها هەفتەیەكدا، بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری لە ئەمڕۆ پێنج شەممە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كرا.

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك و لایەنە سیاسییەكانی دیكە، داوایان لە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كردووە ئەمڕۆ پێنج شەممە مانگرتنی گشتی و سەرانسەری ڕابگەیەنن.

بە وردبوونەوە لە مانگرتنەكانی ڕابردوو، چاوەڕێدەكرێت شەپۆلێكی دیكەی توندوتیژی لەئەمڕۆدا ڕووبدات، چونكە لە شارەكانی ڕۆژهەڵات دوای مانگرتن كە لەبەیانیانەوە دەستپێدەكات، بۆ سەرلەئێوارە دەگۆڕدرێن بۆ خۆپیشاندان.

مەترسی ڕوودانی توندوتیژی لە ئەمڕۆدا زۆرترە، بەوپێیەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە جاران توندتر ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە و پێكدادانی قورس ڕوو دەدەن، بەتایبەت هەندێك شاری وەك مەهاباد و بۆكان و جوانڕۆ بەهێزی زۆر و چەكی قورس تەنراوە.

گروپێكی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت هێزەكانی ئێران تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا لە میانەی خۆپیشاندانەكانی كە پاش مەرگی ژینا ئەمینی سەرانسەری ئێرانی گرتووەتەوە، 72 كەس كوژراون، لەوانەشدا 56 كەسیان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون.

ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی ئێران كە بنكەی لە نەرویجە لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت هەتا ئێستا لە خۆپیشاندانەكاندا 416 كەس لە سەرانسەری ئێراندا كوژراون، 51 لەوانە منداڵن و 21یان ژنن.

ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ كە سەرنجی لەسەر ناوچە كوردییەكانی ئێرانە، دەڵێت “لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا 111 هاووڵاتیی كورد كوژراون، لە دوایین هەفتەدا 44 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا.”