سەردێر

ڕووسیا زستان دەكاتە چەكێكی كۆمەڵكوژ دژی ئۆكراینییەكان

خەڵك-

سەرۆكی ئوكراین ڤۆلۆدۆیمیر زێلێنسكی داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی كرد لەهەمبەر بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە ئۆكراین، وەڵامی توندی ڕووسیا بداتەوە.

ڤۆلۆدۆیمیر زێلێنسكی لە میانی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە، ٧٠ مووشەك لەلایەن هێزەكانی ڕووسیاوە ئاڕاستەی ئۆكراین كراون.

وتیشی: “هێرشەكانی ڕووسیا، گەڕەكەكانی نیشتەجێبوون، نەخۆشخانە و قوتابخانەكانی كردووەتە ئامانج”.

سەرۆكی ئۆكراین، ڕووسیای بەوە تۆمەتبار كرد كە هەوڵدەدات “زستانی سارد لە ئۆكراین بكاتە چەكێكی كۆمەڵكوژ”.

ڕاشیگەیاند “پلەكانی گەرما لە وڵاتەكەمان لە خوار سفرەوەیە و بە ملیۆنەها كەس بێ كارەبا و بێ ئامێری گەرمكەرەوەن و ئەمەیش تاوانێكی ڕوونی دژبە مرۆڤایەتییە”.

ڤۆلۆدۆیمێر زێلێنسكی هەروەها داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە تیمێكی دیكە ڕەوانە بكات، بۆ ئەوەی ئەو زیانانە هەڵسەنگێنێت كە بەهۆی هێرشەكانی ڕووسیاوە، بەر ژێرخانە گرنگەكان لە ئۆكراین كەوتوون.

دوێنێ ئاژانسی هەواڵیی ئەسۆشەییتد پرێس لە ژمارەیەك بەرپرس كە ناوی ئاشكرانەكردوون بڵاوی كردبووەوە كە ڕووسیا زنجیرەیەك هێرشی بۆسەر ژمارەیەك لە شارەكانی ئۆكراین ئەنجامداوە لەنێویاندا، شاری كیێڤی پایتەخت كە لە میانیدا، ژێرخانەكان لەو شارانە كراونەتە ئامانج.

تا ئێستا ڕووسیا، وەڵامی ئەو تۆمەتانەی كە لەلایەن ئۆكراینەوە ئاڕاستەی كراوە، نەداوەتەوە.