سەردێر

بەغدا و هەولێر لەسەر جێگیركردنی پاسەوانی سنوور لە چەند ناوچەیەك ڕێككەوتن

خەڵك-

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق، بە سەرۆكایەتی محەمەد شەیاع سودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، و بەئامادەبونی سەرۆكی ئەركانی پێشمەرگە كۆبووەوە و ژمارەیەك بڕیاری دەركرد.

كۆبوونەوەكە تایبەت كرابوو، بە تاوتوێكردنی دەستدرێژی و پەلامارەكانی وڵاتانی ئێران و توركیا بۆ سەر سنورەكانی عێراق و تۆپباران و بۆردومانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆی نانەوەی بشێوی و ترس لە ناوچە سنوورییەكان و زیانی بە گیان و سامانی هاووڵاتیان گەیاندووە.

لە چوارچێوەی هەوڵەكاندا بۆ راگرتنی ئەو پەلامارانە و بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماتییەكان، ئەنجوومەنی وەزاری ژمارەیەك بڕیاری دەركرد. لەوانە:

یەكەم: دانانی پلانێك بۆ دووبارە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی پاسەوانی سنوور بە مەبەستی كۆنترۆڵی خاڵی سفر بە درێژایی سنوورەكانی عێراق لەگەڵ ئێران و توركیا.

دووەم: دابینكردنی هەموو پێداویستییە لۆجستییەكانی فەرماندەیی هێزەكانی پاراستنی سنوور و بەهێزكردنی توانای مرۆیی و دابینكردنی دارایی پێویست و پشتیوانیكردنیان بە كەرستە و چەكی پێویست، كە بتوانن لە ڕێگەیانەوە ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن.

سێیەم: وەزارەتی ناوخۆ، توانای مرۆیی زیاتر بەردەست بخات بۆ بەهێزكردنی بنكەكانی سنوور.

چوارەم: هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بكرێت بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی یەك و دووی سەرەوە، بە ئامانجی یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان بۆ پارێزگاریكردن لە سنووری عێراق.