سەردێر

ئاسیاسێڵ بۆ هەرزان كردنی نرخی كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت بڕیاری دا

خەڵك-
كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەكان ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە لابردنی باجی زیادكراوی سەر كارتەكانی پڕكردنەوەی باڵانس، كە دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی تێچووی پەیوەندی و ئینتەرنێت بۆ بەشداربووان لە عێراق جێبەجێ‌ دەكات.

ئاسیاسێڵ لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پیرۆزبایی لە بەشداربووە بەڕێزەكانی دەكات بە بۆنەی بڕیاری لابردنی باجی فرۆشتنی سەر كارتەكانی پڕكردنەوە كە بڕەكەی %20 ی نرخی كارتەكانە.

ڕاشیگەیاندووە، لابردنی ئەم باجە دوای تاوتوێكردنی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دۆسیەی باجی دانراو لەسەر كارتەكانی پڕكردنەوەی مۆبایل و ئینتەرنێت بڕیاری لەسەر درا لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، كە دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی بەشداربووان دوای ئەوەی ساڵی 2015 و لە كاتی جەنگەكانی ڕزگاركردن و بە هۆی خراپیی بارودۆخی ئابوورییەوە سەپێنرا.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە لابردنی ئەو باجی فرۆشتنەی خرابووە سەر كارتەكانی پڕكردنەوە كە بڕەكەی (%20) بوو لە بەرواری 1 ی كانونی یەكەمی 2022ەوە و كۆمسیۆنی گەیاندن و ڕاگەیاندن “CMC”ی ڕاسپارد بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە.

ئاشكراشی كردووە، ئاسیاسێڵ ئامادەیی تەكنیكیی و ڕێكخراوەیی خۆی دووپاتدەكاتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، كە ئاسیاسێڵ چەندین ساڵە كاردەكات بۆ پەسەندكردنی لە ڕێی پێشكەشكردنی چەندین داواكاریی و گفتوگۆكردنی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن.