سەردێر

وەزیرێكی عێراق: كەس كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت بە گران نەكڕێت

خەڵك-
وەزیری پەیوەندییەكانی عێراق داوا لە هاووڵاتیان دەكات لە 1ی مانگەوە كەس پارەی زیاتر بە كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت نەدات.

هەیام یاسری، وەزیری پەیوەندییەكانی عێراق سەبارەت بە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی باجی سەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت ڕایگەیاند، پڕۆژەی هەڵوەشاندنەوەی باجی سەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێتمان بردە ئەنجوومەنی وەزیران و پەسەند كرا.

ڕاشیگەیاند، لە 1ی مانگی داهاتووەوە دینارێكیش زیاتر لەو نرخە بە كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت مەدەن، كە لەسەر خودی كارتەكان نووسراوە.

دەشڵێت: “ئەگەر لەسەر كارتەكە نووسرابوو بە 5 هەزار دینارە، تەنها ئەو بڕەی پێ‌ بدەن و ئەگەر نووسرابوو 10 هەزار دینار هەر ئەو بڕە پارەیە بدەن و زیاتر نەدەن”.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی باجی 20%ی سەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوایندا ئاشكرای كرد، بۆ ڕەچاو كردنی دۆخی هاووڵاتیان نرخی كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت هەرزان دەكەن.