سەردێر

ئێران: عیراق بەڵێنیداوە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەربكات

خەڵك-
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی عیراق بەڵێنیداوە حزبە كوردە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، لەسەر سنورەكانی نێوان هەردوو وڵات دووربخاتەوە.

ئەمڕۆ چوار شەممە، عەبدوڵڵاهیان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”لەماوەی هەشت هەفتەی ڕابردوودا چەندان چاوپێكەوتن لە بەغدا و تاران لەگەڵ شاندە ئەمنییە باڵاكانی حكومەتی فیدراڵی بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستانی عیراق، سازكران”.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئێران:”لە چاوپێكەوتنەكاندا چەندان ڕێككەوتن كران، لەوانە حكومەتی فیدراڵی عیراق بەڵێنیدا حزبە كوردەكان لەسەر سنورەكانی ئێران دووربخاتەوە، بۆیە ئێمە لەگەڵ برا عیراقییەكان بەدواداچوون دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانە، گەر هێزە عیراقییەكان لەسەر سنوری هاوبەشی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان جێگیركران و ئاسایشیان بەرقەراركرد لەو ناوچانە، ئەو دەمە پێویستمان بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە نابێت كە مەترسی لەسەر یەكێتی خاكی وڵاتەكەمان دروست دەكەن”.