سەردێر

فەیسەڵ ميقداد: توركیا بۆ یارمەتیدانی گروپە تیرۆیستییەكان هاتۆتە سوریا

خەڵك-
فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریا، بوونی توركیا لە باكووری سوریا و هەڵسوكەوتەكانی وڵاتەكە، بە “دووژمنكاریی و داگیركاریی، و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی ئاڵۆز و یارمەتیدانی گروپە تیرۆریستییەكان” دادەنێت.


وەزیری دەرەوەی سوریا لەبارەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر خاكی سوریا، ڕایگەیاند:”دەستپێكی كاریی سیاسەتی دەرەوە، جەخت لەسەر پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و سەربەخۆیی و یەكێتیی خاك و سەلامەتی و ڕزگاركردنی هەموو بستێكی داگیركراو و لەناوبردنی تەواوەتی گروپە تیرۆریستییەكان و ڕەتكردنەوەی پرۆژەكانی دابەشكردن دەكاتەوە”.

بە وتەی فەیسەڵ میقداد:”وەزارەتی دەرەوەی سوریا، لە هەموو ناوەندە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەكان، بەردەوامە لەسەر وروژاندنی پرسی داگیركاریی و دووژمنكاریی توركیا”.

میقداد دەڵێت:”دووژمنكاریی و داگیركاریی، تاكە دوو پێناسەی یاسایی و واقیعین كە بۆ بوونی ناشەرعی توركیا لەسەر خاكی سوریادا دەگونجێن”.

وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاندووە:”ئەو وێرانكارییانەی ڕژێمی توركیا لەسەر خاكی سوریا دەیانكات، جگە لە دووژمنكاریی و هەوڵدان بۆ نانەوەی مینێكی ئامادە بۆ تەقینەوەی بەردەوام لەنێو سوریا و زامنكردنی بەردەوامی سیاسەتی داڵدەدان و پڕچەككردن و بەگەڕخستنی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان چی دی نیین”.

بەبۆچوونی فەیسەڵ میقداد:”ئەم سیاسەتە هەلپەرستەی ڕژێمەكەی ئەردۆغان پیادەی دەكات، مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دروستدەكات”.

به‌پێی سه‌رچاوه‌ خۆجێیه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان، سوپای توركیا له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا بەچەک و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان 78 هێرشی بۆ سه‌ر كۆبانێ ئه‌نجامداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و سه‌دانی دیكه‌ش برینداربون، لە 19ی ئەم مانگەشەوە بۆردوومانی چڕی ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتی دەستپێکردووە کە دەیان منداڵ و ژن و پیر بوونەتە قوربانی.