سەردێر

خۆسەری ڕۆژئاوا: ئەمریكا و ڕووسیا بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان كار دەكەن

خەڵك-

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند تا ئێستا ڕووسیا و ئەمریكا هەڵوێستێكی توندیان بەرامبەر هەڕەشە و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان نەبووە.

لوقمان ئەحمێ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، تا ئێستا ئەمریكا و ڕووسیا هەڵوێستێكی توندیان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان نەنواندووە، ئەوان دەوڵەتانی جیهانین خاوەن سیاسەتی تایبەتی خۆیانن، هەندێك جار لە بەرژەوەندی گەلان نزیك دەبنەوە، هەندێكجاریش لەبەرژەوەندیی گەلان دوور دەكەونەوە، سێ ڕۆژە هێرش دەكرێن، ئەوان دەڵێن دژی هێرشین، كەچی هێرش هەر دەكرێن، ئەوان بەپێی سیاسەت و بەرژەوەندیی خۆیان مامەڵە دەكەن.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان لەبارەی ئەگەری هێرشی توركیا و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانە، دەڵێت “ئێمە ئامادەكاری خۆمانكردووە، بەرگری لە گەلی خۆمان و خاكی خۆمان دەكەین”.

لەبارەی توانای ئەوان لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكانی توركیا بەبێ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لوقمان ئەحمێ دەڵێت “ئێمە پێشتر شەڕی داعشمان كردووە و شەڕی توركیاشمان كردووە، لە 2019 ئەمریكا كشایەوە، ڕووسیا بەرگری نەكرد، سووریاش هاوكاری نەكردین، بەڵام بەرگریمان كرد، بەبێ پشتیوانی هیچ لایەكی ڕووسیا و ئەمریكا و سووریاش، تا دوایی ئەمریكا و ڕووسیا هاتن ئاگربەستیان ڕاگەیاند”.

دەربارەی ڕەوشی مەیدانی ڕۆژئاوای كوردستان ناوبراو ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێكە سووپای توركیا هێرشی دەستپێكردووە، توركیا هێرش دەكاتە سەر پرۆژەكانی كارەبا و نەوت و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و نەخۆشخانەكان، ناوچەی سڤیل بە ئامانج دەگرێت، لەو هێرشانەدا 11 كەس شەهیدبوون.

ئاشكراشیكرد “سوپای توركیا دەوروبەری زیندانێكی بۆردوومانكردووە، كە تیرۆرستانی داعشی تێدا زیندانین، هەوڵی دا زیندانییەكانی داعش ئازاد بكات”.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، توركیا دەیەوێت سەرچاوەی ژیانی گەلانی ناوچەكە نەهێڵێت، سیستمێكی دیموكراسی لە ڕۆژئاوا لەناوبەرێت.

ماوەی سێ ڕۆژە هێرشی ئاسمانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا دەستیپێكردووە و ئەمڕۆش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، بەمنزیكانە هێرشی زەمینی سەر ڕۆژئاوا دەستپێدەكەین.

تا ئێستا بەفەڕمی ئەمریكا و ڕووسیا دەڵێن دژی هێرشەكانی توركیان و داوا دەكەن ڕابگیردرێن، بەڵام توركیا لە هێرشەكانی بەردەوامە.