سەردێر

ئەردۆغان: بەمنزیكانە دەچینە نێو عیراق و سوریا

پێیوایە كەس ناتوانێت ڕێگەیان لێبگرێت

خەڵك-
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ڕایدەگەیەنێت، بەمنزیكانە بە تانكەكانمانەوە دەچينە باكووری سوریا و عیراق بۆ خاپوركردنی بارەگای “تیرۆریستان و تانك و سەربازەكانمان ڕەگوڕیشەی تیرۆریستان هەڵدەكەنن”.


ئەردۆغان لە میانی كردنەوەی پرۆژەكان لە ویلایەتی ئەرتڤین لە خۆرهەڵاتی توركیا ڕایگەیاند:”وەڵاممان بۆ ئەو هێرشە چەپەڵەی كرایە سەر گەلەكەمان لە ئیستەنبوڵ، لێدان لە دڵ و سەنتەری ڕێكخراوە تیرۆریستييەكان دەبێت لە باكووری سوریا و عیراق، و لە قوڵایی ئەو ناوچانەدا دەبێت كە پێیانوایە پەناگە و ئارامن، ئێمە باش دەزانیین كێ‌ پشتیوانی لەو ڕێكخراوە تیرۆریستيانە دەكات و بە پارە و بە چەك پشتیوانییان دەكات”.

بە وتەی سەرۆكی توركیا:”بێدەنگیمان لە لاوازییەوە نییە.. لێرەوە ڕایدەگەیەنین، ئێمە وەك توركیا پابەندی هەموو ئەو ئەركانەین كە لە باكووری سوریا لەسەر شانمانە، لەئێستاشەوە سنوری نوێمان دەبێت كە ئاسایشی دەوڵەتەكەمانە، تیرۆر لەكوێ‌ بێت دەچینە ئەوێ‌، لە باكووری سوریا و عیراق لە هەندێك ناوچەدا ئەو كارەمان كردووە، لە هەندێك ناوچەی تر دەبێت ئەو ئەركە جێبەجێ‌ بكەین، كەسیش ناتوانێت ڕێگریمان لێبكات و دەست بێنێتە ڕێگەمان”.

ئەردۆغان دەڵێت:”بەمنزیكانە بە تانكەكانمان لەگەڵ دۆستەكانمان هەڵدەكوتینە سەر بارەگای تیرۆریستان، تانك و سەربازەكانمان تیرۆریستان ڕیشەكێش دەكەن”.