سەردێر

ژاپۆنییەكان لە قەتەرەوە وانەیەكی گرنگ دەگەیەننە جیهان

خاشاك و پاشماوەكان كۆدەكەنەوە

خەڵك-
جەماوەری ژاپۆنی لە مۆندیالی قەتەرەوە وانەیەكی گرنگ دەگەیەننە جیهان و لە كۆتایی یاریی كردنەوەی مۆندیال لەنێوان قەتەر و ئیكوادۆر، هەڵوێستێكی ئەرێنی تۆماردەكەن.

بەپێی دیمەنێكی ڤیدیۆیی كە زۆرێك كارلێكیان لەگەڵدا كرد، ژاپۆنییەكان لەنێو یاریگای (البیت) و لە پاش یارییەكە، دەست دەكەن بە كۆكردنەوەی پاشماوە و خاشاكی ئەو جەماوەرەی ئامادەی یاریی كردنەوەی مۆندیالی قەتەر بوون.

شێخە مەیاسە كچی حەمەد ئال سانی، خوشكی میری قەتەر و سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمیندارانی دەستەی مۆزەخانەكان لە قەتەر، ڤیدیۆی لاوێكی قەتەری بڵاوكردۆتەوە كە قسە لەگەڵ ژاپۆنییەكان دەكات و دەستخۆشییان لێدەكات بۆ ئەو هەڵوێستە جوانەی دەينوێنن.

لە دیمەنە ڤیدیۆییەكەدا، گفتووگۆی نێوان لاوە قەتەرییەكە دەردەكەوێت لەگەڵ هەندێك لەو ژاپۆنیانە كە پرسیارییان لێدەكات لەبارەی نهێنی كۆكردنەوەی پاشماوە و خاشاكەوە، لە وەڵامدا ژاپۆنییەكان دەڵێن، ئەوان ڕێز لەو شوێنە دەگرن كە تێیدا دادەنیشن و لەدوای خۆیانەوە خاشاك و پاشماوە جێناهێڵن.

شیخە مەیاسە كە وەك چالاكوان و بەهەڵوێستی پارێزگاریی و پاراستنی ژینگەيى بەناوبانگە، سوپاسی ژاپۆنییەكان دەكات و ستایشی ئەو هەڵوێستەیان دەكات.