سەردێر

” ئەو پۆستەی پێیانداوم هیچ نییە، دەبوو بەلایەنی كەم وەزارەتێك بووایە”

خەڵك-

لە دوای ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان لە مانگی نۆی ساڵی 2017، حكومەتی عێراقی لە شازدەی 10 ی هەمان ساڵ هێرشی سەربازی كردە سەر شاری كەركوك و چەند بەپرسێكی شارەكەی بە تۆمەتی پشتیوانیكردن لە ڕیفراندۆم لە پۆستەكانیان دوورخستەوە و ژمارەیەك لەو بەرپرسانە ڕوویان كردە هەرێمی كوردستان و تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە كەركوك.

یەكێك لەو بەرپرسانە رێبوار تاڵەبانیە كە پێش 16ی ئۆكتۆبەر سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو پاشان ڕووی كردە هەرێمی كوردستان و ساڵێك لەمەوبەریش پۆستی ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ كاروباری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم پێدرا.

لە ئێستادا وا دیارە تاڵەبانی لەو پۆستە نوێیەیدا خۆشحاڵ نییە و دەڵێت “ئەو پۆستە بۆ من هیچ نییه، دەبووایە بەلایەنیكەم وەزارەتێك لە حكومەتی هەرێم یاخود پاداشتێكی زیاتر بووایە، پێشتر پۆستەكەم هاوتای وەكیل وەزیر بوو لانی كەم دەكرا وەزارەتێك لە هەرێم وەرگرم.”

لە لێدوانەكەیدا بۆ دەنگی ئەمەریكا تاڵەبانی دەشڵێت “بینینی سەرۆكی حكومەتی هەرێم قورسه هەتا ئێستا یەكجار سەرۆكی حكومەتم بینیوە، تائێستا ئەو دەرفەتە ڕووینەداوە. ئێستا هیچ پاسپۆرتم نییە تەنانەت پاسپۆرتیشم بۆ دەرناكەن. ”

دەنگی ئەمەریكا: پیشبینی چی دەكەیت لەبارەی حكومەتی نوێی عێراقیەوە سەبارەت بە دۆسیەی خۆتان وەكو بابەتی ڕیفراندۆم وەكو سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، ئایا پێشبینی دەكەیت چارەسەرێك بدۆزرێتەوە بۆ دۆسیەی بەرپرسانی كورد لە كەركوك؟

ڕێبوار تاڵەبانی: ئەو كوتلەیەی دروستكراوە بەناوی بەڕێوەبردنی ئیدارەی دەوڵەت كە هەموو سوننە و كورد و شیعەی چوارچێوەی هەماهەنگی تێدایە یەكێك لەو ڕێككەوتنانەی كە كردویانە بارودۆخی ناوچە كوردستانیەكان بگەڕێتەوە پێش 16 ی ئۆكتۆبەر و دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بكرێت، ئەمە هەنگاوێكی باشە بۆئەوەی بارودۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە و بوون بەسەربازگەیی تێدانەبێت، چونكە دژی ماددەی (9) ی دەستوورە نابێت سوپا و سەرباز لەناو شاردا بێت ئەوكاتە بەكۆی گشتی كەیسە سیاسیەكان نامێنێت.

دەنگی ئەمەریكا: بەڕای تۆ دۆخی كەركوك دەگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر؟

ڕێبوار تاڵەبانی: ڕێككەوتن كراوە لەسەر ئەوە، جارێ هیوایەك بەخۆمان دەدەین و چاوەڕێ دەكەین بزانین دەوڵەتی شیاع سودانی دەتوانێت بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات یاخود هەمان سیناریۆی عەبادی و مالیكی و جەعفەری دوبارە دەكاتەوە.

دەنگی ئەمەریكا: ئایا ئێوە تاكە بەرپرس بوون لەسەر ڕیفراندۆم سزادران یاخود بەرپرسی دیكەش هەن؟

ڕێبوار تاڵەبانی: كۆمەڵێك ئەفسەریش ئەوانیش تووشی هەمان كێشە بوون، بەڵام ئەو بابەتە هەمووی یەك پاكێجە و بابەتێكی سیاسیە و پەیوەستە بە 16 ی ئۆكتۆبەرەوە ئەگەر كێشەكانی هەرێم و بەغداد چارەسەر بكرێن دەبێت ئەمەشی لەگەڵدا بێت.

دەنگی ئەمەریكا: ژمارەتان چەند كەسە ئەوانەی كە لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم دوورخراونەتەوە، ئامارت لایە؟

ڕێبوار تاڵەبانی: پێشبینی دەكەم ئەفسەرەكان نزیكی 60 كەس ببن كاتی خۆی بەهۆی 16 ی ئۆكتۆبەر سزا دراون لەلایەن وەزارەتی بەرگری یان وەزارەتی ناوخۆوە.

دەنگی ئەمەریكا: سەبارەت بەو دۆسیەی سزادانی ئێوە هەتا چەند هەرێمی كوردستان پشتیوانی ئێوە بووە؟

ڕێبوار تاڵەبانی: ئێمە ئەوكاتەی هاتینە هەولێر پێشوازیەكی باشمان لێكرا لەسەر ئەو كەیسانەش پشتگیری كراوم لە دادگاكاندا لە پاڵپشتیكردندا لەگەڵم بوون بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لەچاودێریكردنی ئەو كەیسانە ئەوكاتە خۆی سەركردایەتی ڕیفراندۆمی كردووە و خۆیشی بەڵینیدا بوو كە هەر كێشەیەك بەبۆنەی ئەو بابەتەوە بێت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە پاڵپشتی و بەرگری لەو كەسانە بكات كە بەبۆنەی ڕیفراندۆمە تووشی كێشەی سیاسی بوون.

دەنگی ئەمەریكا: ئایا سەركردایەتی كورد وەفای بەرامبەرتان هەبوو؟

ڕێبوار تاڵەبانی: بەڵێ بەردەوام هەموو لایەك چاودێری ئەو كەیسەیان كردووە و ستافێكیان دروست كرد كە ئەو كێشانە هەتا بكرێت چارەسەر بكرێت من سوپاسی هەم پێشوازییەكەیان و هەم بەرگریەكەیان دەكەم.

دەنگی ئەمەریكا: ئێستا كە ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتیت وەكو پاداشتێك ئەو پۆستەت پێدراوە یاخود پۆستەكە تەنها ناوێكە بۆ تۆ؟

ڕێبوار تاڵەبانی: ئەو پۆستە بۆ من هیچ نییه،‌ چونكە لەكاتی 16 ی ئۆكتۆبەر سەرۆكی وەزیرانی ئەوكات حەیدەر عەبادی وتی تەنها شەرعیەت بدە و بگەڕێوە هەر وەزارەتێكت دەوێت لە حكومەتی فیدڕاڵی پێت دەسپێرین من خۆم پێشتر كە سەرۆكی ئەنجوومەن بووم لە پلەی بریكاری وەزیر بووم، من كە هاتوومەتە هەرێمی كوردستان دەبووایە بەلایەنی كەم وەزارەتێك لە حكومەتی هەرێم یاخود پاداشتێكی زیاتر بووایە لەوە چونكە ئەوە كەمتر بووە لەو پلە و پۆستەی كە پێشتر هەمبووە لەگەڵ ئەو هەڵوێستەی كە هەمبووە چونكە كەم كەس هەیە وەكو من هەڵویستی دەستوریانە و یاساییانە و مێژوویانە بدات، ئەگەر من ئەوكاتە بگەڕامایەوە كەركوك بەلایەنی كەم وەزیر بووم لە حكومەتی فیدڕاڵی.

دەنگی ئەمەریكا: واتە پۆستی ڕاوێژكاری حكومەت بۆ كاروباری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ ئێوە كەمە؟

ڕێبوار تاڵەبانی: ئایا وەزیرێك بم لە حكومەتی ناوەندی یان ڕاوێژكارێك بم لە حكومەتی هەرێم! بەڵام من حكومەتی هەرێمم پێ باشترە ئەگەر كەمترین فەرمانبەر بین لە حكومەتێك زۆر باشترە كە دژایەتی میللەتەكەمان بكات.

دەنگی ئەمەریكا: ئایا پۆستی ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنها ناونیشانێكە پێتان دراوە یاخود دەسەڵات و كارتان هەیە ؟

ڕێبوار تاڵەبانی: هەر كارێكیان پێویست بێت لە سەرۆكایەتی حكومەت ئاراستەم دەكەن منیش ئەوەی پێمكرا بێت لەو شارەزاییەی خۆم دەتوانم پێشكەشیان بكەم و سوودی لێوەرگرن، هەتا ئێستا 16 پرۆژەم داوە بە سەرۆكی حكومەت هەركاتێك بیانەوێت من دەتوانم بۆیان بەڕێوەبەرم.

دەنگی ئەمەریكا: پرۆژەكانتان چیە؟

ڕێبوار تاڵەبانی: یەكێك لەو پرۆژانە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ناوچە كوردستانیەكانە من ئەو سەرپێچیانەی حكومەتی فیدڕاڵیم باسكردووە كە هەتا 2022 بۆ ناوچە كوردستانیەكان و كەركوك كە نەدەبووایە ئەو ناوچانە تاكڕەوانە بەڕێوەببردێت بەپێی دەستور ناوچەی كێشە لەسەرە دەبێت هەردوو لایەن چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن، بەڵام بەداخەوە حكومەتی فیدڕاڵی لەڕووی بودجەوە و لەڕووی ئیداری و سیاسیەوە خۆی دەیبات بەڕێوە هیچ مافێكی هەرێمی نەداوه،‌ بەداخەوە هەرێم لەوێ بوونی نییە و دیار نییە، ئەوەم وەكو پرۆژەیەكی 43 لاپەڕەیی پێشكەشم كردووە و لەگەڵ 13 وەزیر دانیشتووم لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتی هەرێم دانیشتووم بەوهیوایەی كە سوودی لێوەربگرن و لە ئایندەدا بتوانن لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار بكەن ئەگەر بتوانن سوودی لێوەربگرن.

دەنگی ئەمەریكا: ڕاوێژەكانت وەردەگرن؟

ڕێبوار تاڵەبانی: من ئەوەی لەسەرمە پێشكەشیان دەكەم وەكو دڵسۆزیەك بۆ میللەتەكەی خۆم ئەگەر سەیریان كرد ئەوە بۆخۆیان سوودی لێدەبینن ئەگەر نەیكەن من ناتوانم لەوە زیاتر بكەم.

دەنگی ئەمەریكا: پەشیمان نیت لە ڕیفراندۆم؟

ڕێبوار تاڵەبانی: نەخێر لەبنەڕەتدا میللەتی كورد زۆر دواكەوت دەبووایە سەد ساڵ پێش ئێستا ڕیفراندۆمی بكردایە، من سەربەرزم بەو ڕیفراندۆمەی كە دەست و پەنجەی منی تێدابووە لە سەركەوتنی ئەو پرۆسە گەورەیەی كە سەد ساڵە میللەتی كورد خەونی پێوە دەبینێت.

دەنگی ئەمەریكا: پێشتر سەرۆكی دەستەی مافەكانی مرۆڤ لە دەنگی ئەمەریكا ڕایگەیاند كە بینی سەرۆكی حكومەت زۆر قورسه ماوەی زیاتر لە شەش مانگە داوای بینینی سەرۆكی حكومەت دەكات بەڵام تا ئێستاش نەیتوانیووە،‌ ئایا بۆ ئێوە چۆنە؟

ڕێبوار تاڵەبانی: بەگشتی ئەوە گلەییە، منیش واتێدەگەم بینینی سەرۆكی حكومەتی هەرێم قورسە و سیستماتیك نەكراوە بەگشتی كاركردن لە هەرێمی كوردستان ئاڵۆزە 30 ساڵە كێشەی زۆر كەڵەكە بووە نازانم ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ خودی كابینەكە و سیاسەتی سەرۆكی حكومەت خۆی چۆن بە باشی دەزانێت ئەوە بەرنامەی خۆیەتی.

دەنگی ئەمەریكا: ئێوە چەند جار سەرۆكی حكومەتتان بینیوە لەوكاتەوەی پۆستی ڕاوێژكارتان لە هەرێم وەرگرتووە؟

ڕێبوار تاڵەبانی: من هەتا ئێستا یەكجار سەرۆكی حكومەتم بینیووە، من ساڵێكە لەو پۆستەدام، تائێستا ئەو دەرفەتە ڕووینەداوە.

دەنگی ئەمەریكا: سەبارەت بە پاسپۆرتەكەت وەكو لەپێشووتردا باسكراوە دەستی بەسەردا گیراوە ئایا ئێستا ئێوە ناتوانن سەفەری دەرەوەی وڵات بكەیت؟

ڕێبوار تاڵەبانی: بەداخەوە ئەوە پیلانی نەیارانی كوردە له ‌دژی من تۆماریان كردبووە لە دادگای كەرخ، ئەوانەی لە كەركوك ئەو كەیسانە دەجوڵێنن، من سێ دادگایی كرام لە هەموویان سەركەوتوو بووم لەگەڵ ئەو سكاڵانەش قەدەغەی سەفەر دەكەن و پارە و موڵك هەمووی دەستی بەسەردا دەگیرێت، عێراقیش دەوڵەتێكە گەندەڵی و ڕۆتینی زۆرە لەبەر ئەوە هێشتا ماوەتەوە ئێستا هیچ پاسپۆرتم نییە تەنانەت پاسپۆرتم بۆ دەرناكەن.

دەنگی ئەمەریكا: هەرێمی كوردستان ناتوانێت پاسپۆرتت بۆ دەربكات؟

ڕێبوار تاڵەبانی: یەك سیستەمە عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵیە و ئەوانیش پەیوەستن بە ناوەندەوە.

دەنگی ئەمەریكا: واتە بڕیارێك هەیە پاسپۆرتت لێوەربگیرێتەوە؟

ڕێبوار تاڵەبانی: من پاسپۆرتەكەم بەسەرچوو بوو كە چووم تازەی بكەمەوە وتیان ناكرێت چونكە هەتا ئێستا بڕیار لە دادگاوە نەهاتووە كە پاسپۆرتم بۆ نوێ بكرێتەوه.

دەنگی ئەمەریكا: ئایا حكومەتی هەرێم ئەو دەسەڵاتەی نییە بڕیارێكی تایبەتت بۆ دەربكات؟

ڕێبوار تاڵەبانی: نەخیر هەرێمی كوردستان ئەو دەسەڵاتەی نییە چونكە پاسپۆرت پەیوەستە بە حكومەتی فیدڕاڵەوە، نزیكەی دوو مانگ دەبێت ڕاگیراوە و ناتوانم دەریبكەمەوە هەتا بڕیارێك لە دادگاوە نەچێت بۆ دامودەزگا فەرمیەكان.
باشووری كوردستان