سەردێر

گرنگترین هۆكارەكانی زیادكردنەوەی كێش دوای ڕێجیم

خەڵك
پسپۆڕێكی زانستی خۆراك ڕایدەگەیەنێت، زیادكردنەوەی كێش دوای وازهێنان لە ڕێجیم دیاردەیەكی بڵاوە و زۆرن ئەوانەی دوای ماوەیەك دووبارە قەڵەو دەبنەوە، پەیڕەو نەكردنی سیستمی خۆراكی ناتەندروستی ڕۆژانە یەكێكە لە هۆكارەكان .

د. كامەران ڕەسوڵ ، پسپۆڕی زانستی خۆراك بڵاویكردەوە، كە زیادكردنەوەی كێش دوای وازهێنان لە ڕێجیم دیاردەیەكی بڵاوە و زۆرن ئەوانەی دوای ماوەیەك دووبارە قەڵەو دەبنەوە، كەسانێك هەن دوای ماوەیەكی زۆر كورت بە خێرایی كێشان زیاددەكاتەوە.

گرنگترین هۆكارەكانی :
١ — پەیڕەو نەكرنی سیستمی خۆراكی ناتەندروست ڕۆژانە : بەشێك وا دەزانن دوای ڕێجیم ئیتر بۆیان هەیە هەموو جۆرە خواردنێك كە حەزیان لێیە و چەندیان بوێت بیخۆن وەك شیرینی ، ساردەمەنی ، چەوری و خواردنەوە گازیەكان و چپس و ڤاست ڤوود ، دروست ئەوەیە ئەو خواردنانە دوای ڕێجیمیش نەخورێن یان بڕێكی كەمیان لێ بخورێت دوو هەفتە یان هەفتەی یەك جار .
٢ — وەرزش نەكردن : وازهێنان لە وەرزش هۆكارێكی گرنگە ، پێویستە لانی كەم ڕۆژانە نیو سەعات یان زیاتر وەرزش‌بكرێت یان هەفتەی پێنج ڕۆژ ، مەرج نیە وەرزشی زۆر قورس بكرێت ، ڕویشتن بە پێ ، ڕاكردن ، تەمرینی سویدی ، پێویستیش بە جیم و هۆڵی وەرزش ناكات ، لە ماڵەوە وەرزش بكە ، لە كاتی ڕێجیم وەرزش زۆر گرنگە بۆ دابەزاندنی كێش بە خێرایی و توندكردنەوەی پێست و ڕێگە گرتن لە دروست بوونی شۆڕ بوونەوەی پێست و چرچ و لۆچی پێست .
٣ — فشار و سترێسی زۆری دەروونی و جەستەیی و قەلەقی بەردەوام .
٤ — دابەزاندنی كێش لە ڕێگای ڕێجیمی ناتەندروست و قورس‌ بۆ ماوەیەكی زۆر وەك ڕێجیمی گێراوە و شەربەتی میوە و سەوزە و ڕێجیمی كیمیاوی بۆ ماوەیەكی زۆر ، زۆرینەی ئەم ڕێجیمانە دەبنە هۆی لە دەستدانی ئاو و شلەمەنی ، واتە چەوری ناتوێتەوە ، دوای وازهێنان لێیان ، بە خێرایی كێش زیاد دەكاتەوە جگە لە زیانە تەندروستیەكانیان وەك كەمی ڤیتامین و كانزاكان و كەمخوێنی و وەرینی قژ .
٥ — شەونخوونی و كەم خەوی بە ردەوام .
٦ — نەخواردنی ژەمی بەیانی لە كاتی خۆی دا و ناڕێكی لە كاتی خواردنی ژەمەكانی تر دا .
٧ — دووبارە گەڕانەوە بۆ هۆكارەكانی زیاد بوونی كێش پێش ڕێجیم وەك نەخواردنی بڕی پێویست له پڕۆتین وەك پاقلەمەنیەكان ، نەخواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو ، نەخواردنی سەوزە و میوە ڕۆژانە دوو سێ جار لە نێوان ژەمەكان ، دانیشتن بە دیار شاشەی تیڤی و لاپتۆب و مۆبایڵ بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ ، .. هتد .
٨ — بوونی هۆكاری تری قەڵەوی و چارەسەر نەكردنی وەك سستی و تەمەڵی غوودەی دەرەقی ، كۆنیشانەی كیسی هێلكەدان ، بە كارهێنانی هەندێك دەرمان ، هتد .
٩ — واز هێنان لە چاودێری كێش و خۆ نەكێشان ، پێویستە لانی كەم هەفتەی دوو جار یان جارێك خۆت بكێشێت .